سێمیناری ''زمانی کوردی و جیهانی مودێرن'' بە ئامادەبوونی مامۆستایانی زانکۆ و خوێندکاران و لێکۆڵەران و هۆگرانی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی پەیامی نووری سەقز بەڕێوە چوو.
وتاربێژان لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی بناخە زانستییەکان، دانان و چالاککردنی ئاکادێمیای مودێڕنی زمانی کوردی و کەڵکوەرگرتن لە تێکنۆلۆژیی نوێ بۆ پەرەپێدان و فێرکاریی ئەم زمانە جەختیان کردەوە.
لەم سێمینارەدا، دوکتور شەماڵ ئیسماعیلپوور مامۆستا و لێکۆڵەری زمان و ئەدەبی کوردی، وێڕای ئاماژە بە پێگەی مێژوویی ئەم زمانە وتی: ''زمانی کوردی یەکێک لە کۆنترین زمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و لە زمانە هیند و ئورووپاییەکانە کە زیاتر لە ٦۰ میلیۆن کەس قسەی پێ دەکەن''.
مامۆستا شەماڵ جۆراوجۆری زاراوەکان و دووانەی ئەلفبێی لاتین و ئارامی بۆ نووسینی کوردی بە هەل زانی و پێی وابوو لەلایەک دەبێتە هۆی دەوڵەمەندیی زمان و لەلایەکیش کۆمەڵێک کێشەی نووسین و دابڕانی زمانی و یەکگرتوویی و دروستبوونی کێشەی فێرکاریی بەدوادا دێ.
دوکتور شەماڵ ئاماژەی بەوەش کرد کە بەپێی لێکۆڵینەوە نیوەفەرمییەکان، زمانی کوردی لە بواری دەوڵەمەندیی وشەوە لەنێو ۱٦٨ زمانی جیهاندا پلەی هەشتەمی هەیە و جەختیشی کردەوە کە سەرەڕای ئەم لێهاتووییە، زمانی کوردی و زمانەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا پێگەیەکی دیاریکراویان لە زمانی زانستدا نییە و دەبێ بەرهەمە ئاکادێمیکییەکان بەم زمانە پەرە بستێنن.
ئەم مامۆستایە کاراکردنەوەی ئەکادێمیای مودێڕنی زمانی کوردیی بە پێویست زانی و جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەرهەمهێنانی ناوەرۆکی ئامانجدار و بڵاوکردنەوەی لە پانتایی دیجیتاڵیدا گرینگە بۆ ئەوەی کە کوردیش بتوانێ لە ژیریی دەستکرد کەڵکی پێویست وەربگرێ و لەو کاروانە دوا نەکەوێ.
دوکتور بێهزاد ئەحمەدی، مامۆستای زمانناسی و بەرپرسی زانکۆی پەیامی نووری سەقز، تاوتوێی زمان و ڕێزمانی کوردی کرد و خوێندنەوە نوێکانی لەم بوارەدا هێنایە بەر باس.
دوکتور ئەحمەدی وتی: بۆ گەشەی زمانی کوردی دەبێ بەشێوەی مودێڕن فەرهەنگ بنووسینەوە و ناوەرۆکی دەوڵەمەند لە بواری ئەدەبیاتدا بەرهەم بێنێن و شانۆنامە و چیرۆک و وەرگێڕانیش لەبیر نەکەین تا بتوانین لە ژیریی دەستکرد کەڵک وەربگرین.
لە بەشێک لەو سێمینارەدا ئامادەبووان لەسەر جلوبەرگی کوردی و کارکردە کولتوورییەکانی قسەیان کرد. نادیا شەمسی و هەستیار نەجاتی بەڕێوەبەری بەرنامەکە بوون و کۆمەڵێک شێعر و دەقی جوانی کوردییان بۆ ئامادەبووان خوێندەوە. ئەم بەرنامەیە بە گۆرانی و مۆسیقای کوردی لەلایەن کۆڕی هونەریی خوێندکارانی زانکۆی پەیامی نوورەوە کۆتایی پێ هات.