کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەردەلادان لەسەر کتێبی "جادووگەری شارۆچکەی سەوز" لە شاری سنە

10:40 - 14 خەزەڵوەر 2725

کتێبی "جادووگەری شارۆچکەی سەوز" لە نووسینی "دان مادین" و "وەرگێڕانی ئامانج قوربانی" لەلایەن باوکی شەهید "حەمید مورادیـ"ـیەوە لە شاری سنە پەردەی لەسەر لادرا.

یەکێک لە بەشداربووانی ئەو ڕێوڕەسمە لەبارەی نێوەرۆکی ئەو کتێبەوە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی ڕاگەیاند: "کتێبی جادووگەری شارۆچکەی سەوز کتێبێکی ژینگەییە و باس لە پیرەپیاوێک دەکات کە هەموو ڕۆژێک زبڵ و پاشماوەکان کۆ دەکاتەوە و دەیانخانە نێو بەرمیلێکەوە و ڕۆژێک کە زۆر ماندوو دەبێت دەچێتە باوشی سروشتەوە و ڕوو لە دار و دارستان و سروشت دەکات و دەڵێت زۆر هەوڵم دا پاک و خاوێنیت ڕابگرن بەڵام بەقسەم ناکەن و منیش ماندوو و بێهێز بووم، دوای چەند چرکەیەک بێدەنگی، پیرەپیاوەکە هەست بە بەهێزی دەکات و سروشت دووبارە هێزی پێ دەبەخشێت هەتا پاک و خاوێنیی سروشت و ژینگە زیاتر بپارێزێت".

شایانی باسە ئەم جۆرە کتێبانە دەتوانێت یارمەتیدەر دەبێت بۆ بڵاوکردنەوەی هەستی بەرپرسایەتی لە ئاستی ژینگە و خاوێن ڕاگرتنی سروشت و بارهێنانی تۆرەمەی داهاتوو بەرەو سروشتێکی بێ زبڵ. 

شایانی باسە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤، ئاگرێکی بەرفراوان کێوی ئاویەر لە شاری سنەی گرتەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی خۆبەخش و چالاکانی ژینگەپارێزی بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە، ڕوویان لە ئاویەر کرد.

لە کاتی کوژاندنەوەی ئەم ئاگرەدا حەمید مورادی، چالاکی ژینگەپارێز و بەرپرسی ئەنجومەنی شنەی نەوژینی کوردستان بەهۆی سەختی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە شەهید بوو و هەمان ڕۆژ لە نێو ئاپۆڕای خەڵکدا و بە دروشمی شەهید نامرێ و داگیرکەری ئێرانی، قاتڵی ڕۆڵەمانی لە بەهەشتی محەممەدیی سنە بە خاک سپێردرا.