ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم هۆشداریی توندی بە ماڵپەڕ و هەواڵدەرییەکان داوە کە بەبێ ئاگاداریی پێشوەختە و هاواهەنگیی تەواو، مافی بڵاوکردنەوەی زانیاریی سەربازی و هەواڵی پێوەندیدار بەو بابەتەیان نییە.
ڕۆژی سێشەممە ١٣ خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، ناوەندی پێوەندییەکان و ڕاگەیاندن سەر بە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیەندراوێکدا لە پێوەندی لەگەڵ هاوکاریی سەربازی و بەرگریی ئەو هێزە سەرکوتکەرەی ڕێژیم لەگەڵ وڵاتانی دیکەی، بە بێبنەما و دوور لە قەڵەم داوە و هۆشداریی دا کە دەبێت هەموو ماڵپەڕ و هەواڵدەرییەکان لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە زانیارییەک لەو بارەوە خۆیان ببوێرن.
ئەو هۆشدارییەی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی تاران لەکاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەمیرحوسێن سابتی، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم باسی لە هاوکاریی سەربازیی نێوان مۆسکۆ، پێکەن و تاران کردبوو و لەوبارەوە وتبووی: "لێدوانی هەندێک کەسی بێ ئاگا و بەبێ هیچ پلەیەکی سەربازیی لەنێو هێزە چەکدارەکان لە پێوەندی لەگەڵ زانیاریی کڕین و فرۆشتنی چەکوچۆڵی سەربازی و بەرگری لەگەڵ وڵاتانی دیکە، بێبنەمایە و دوورە لە ڕاستی".
هەروەها "سابتی" لە کۆبوونەوەی زانکۆی خاڕەزمی کەرەجدا بە ئاماژەدان بە هاوکاریی سەربازیی نێوان ڕێژیمی تاران لەگەڵ ڕووسیە و چین باسی لەوە کردووە کە "هیچ چەکێک نییە کە ئێمە داوامان لە چین و ڕووسیە کردبێت و پێمانیان نەدابێت".
ئەو بەناو نوێنەرەی ڕێژیم لە وردەکاریی زیاتردا وتوویەتی: "چین و ڕووسیە هیچ هێڵێکی سووریان بەنیسبەت ناردنی چەکوچۆڵ بۆ ئێمە نییە و بە زووترین کات هەموو داواکارییەکانیان لەوبارەوە جێبەجێ کردووە".
ئەمیرحوسێن سابتی لەو دانیشتنەی زانکۆی خاڕەزمی کەرەج ئاماژەی بە شەڕی ١٢ ڕۆژە کردووە و وتوویەتی: "پاش چوار ڕۆژ لە شەڕی ١٢ ڕۆژە، ئێمە هەندێک سیستەمی دژەئاسمانییمان لە چین وەرگرتووە".
ئەو قسانەی "سابتی" لەکاتێکدایە کە پێشتریش ئەبووفەزل زۆهرێ وەند، ئەندامی کۆمیسیۆنی میللیی مەجلیسی ڕێژیم لە سەرەتای مانگی ڕەزبەردا ڕایگەیاندبوو: "فڕۆکەی شەڕکەری میگ ٢٩ی ڕووسی وەکوو ڕێکاری کورتمەودا و فڕۆکەی شەڕکەری سۆخۆ ٣٥ بۆ ڕێکاری درێژماوە لە ڕووسیەوە بۆ ئێران بەڕێ کراون".