ڕافائێل گرووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی هۆشداریی دا کە ئێران دەبێ هاوکارییەکانی لەگەڵ پشکێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە جیددی باشتر بکات بۆ ئەوەی گرژییەکان لەگەڵ ڕۆژاوادا پەرە نەستێنن.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ''فایننشاڵ تایمز''، ڕایگەیاند کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئێران و ئیسرائیل لە مانگی ژوئەن، ئاژانس نزیکەی ١٢ پشکنینی لە ئێران ئەنجام داوە، بەڵام ڕێگەی پێ نەدراوە گرینگترین دامەزراوە ئەتۆمییەکان، لەوانە فۆردو، نەتەنز و ئێسفەهان ببینن کە لە هێرشەکانی ئەمریکادا بۆردومان کراون.
بە وتەی گرووسی هێرشەکان زیانێکی زۆریان بەو دامەزراوانە گەیاندووە بەڵام چارەنووسی ٤٠٨ کیلۆگرەم ئورانیۆمی پیتێندراو تا ئاستی بەکارهینانی لە چەکدا ڕوون نییە، ئەمەش پێویستی دەستپێکردنەوەی پشکنینەکانی دروست کردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، دەبوو تا ئێستا دەستمان بە کارەکانی پشکنین بکردایەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی وتی: لەکاتێکدا ئەو ئاژانسە هەوڵ دەدات بە لێکتێگەیشتن و پشوودرێژی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بەرەو پێش ببات، تاران هێشتا دەبێ پێبەندی بەڵێنەکانی بێت.
سیاسەتی داخراو و بەرەنگاربوونەوەی کۆماری ئیسلامی لە بواری ناوکی، جارێکی دیکە ئێرانی تووشی گرژی لەگەڵ جیهان کردووەتەوە. ڕێژیم لە جیاتی ڕوونکاری و پەیوەندیی باش لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، بە تێڕوانینێکی مەترسیدار و نهێنی بەرژەوەندی خەڵکی کردووەتە قوربانیی سیاسەتەکانی.