کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان ٥٤ بەندیخانەی ڕێژیمی ئێرانی تەنیوە

12:10 - 14 خەزەڵوەر 2725

لە نەوەدوسێهەمین حەفتەی چالاکیی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان، ئەندامانی ئەو کەمپەینە لەمەڕ ناڕەزایەتیدەربڕین بە سزای دژەمرۆیی سێدارە، لە ٥٤ بەندیخانە لە سەرانسەری ئێران لە مانگرتن لە خواردنی حەفتانەیان بەردەوامن.

لە بەیاننامەی ٩٣ـەمین حەفتەی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان ئاماژە بەوە دراوە کە تەنیا لە ماوەی ١٢ ڕۆژی سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاویدا، لانیکەم ٧٦ بەندکراوی لە سەرانسەری بەندیخانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون.

لەو بەیاننامەیەدا باس لەوە کراوە کە لە دوای مانگرتنی ناڕەزایەتیی یەک حەفتەیی بەندی ٢ی بەندیخانەی قزڵحەسار لەمەڕ ڕاگواستنی ١٦ بەندکراو بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان، لە ماوەی کەمتر کە دوو حەفتەدا لانیکەم ٧٦ بەندکراو لە سێدارە دراون.

لە بەشێکی ئەو بەیاننامەدا هاتووە کە لە حەفتەی ڕابردوودا، خانەنشینکراوانی کرماشان بەنیسبەت سزای سێدارەوە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە و دروشمی "جێبەجێکردنی سزای سێدارە خیانەتە بە قورئانی پیرۆز"، "ئێرانی بەبێ سێدارە" و "سزای گەشت و سێدارە دەبێت لەنێو بچێتـ"ـیان بەرز کردووەتەوە.

هەروەها نووسەرانی بەیاننامەی ئەو کەمپەینە ڕوو لە خەڵکی ئێران نووسیویانە: "خەڵکی ئێران هاوکات لەگەڵ بنەماڵەی بەندکراوان ڕێگە نەدەن وڵامی ئەو تاوانانەی ڕێژیمی تاران بەبێ وڵام بمێنێتەوە و دەبێت بە بڵاوکردنەوەی ناوی مەحکوومان بە سێدارە و بەرزکردنەوەی هاواری نا بۆ سێدارە، بە هەر شێوەیەک بۆیان دەلوێت لە کۆڵان و شەقام و باڕازی شارەکاندا ڕووبەڕووی ئەو جیناتەت و تاوانەی ڕێژیمی تاران ببنەوە".