کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتڕاستکردنەوەی سزای قورس دژی مامۆستایانی کوردستان لەلایەن دیوانی ئیداریی ڕێژیمەوە

12:36 - 14 خەزەڵوەر 2725

لقی ٣١ی دیوانی بەناو دادپەروەریی ئیداریی ڕێژیم، سزای ئینزیباتیی دەرکراو دژی پێنج کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی سنە و سەقزی پشتڕاست کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی شۆرای هاواهەنگیی پێکهاتەی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران، سزای دەرکران، خانەنشینکردنی زۆرەملێ، دوورخستنەوە و لەسەرکارلابردنی "مەجید کەریمی"، "غەیاس نێعمەتی"، "نەسرین کەریمی"، "فەیسەڵ نووری" و "شەهرام کەریمی" بە فەرمی ڕاگەیاند.

تەنیا سزای "سەلاح حاجی میرزایی"، یەکێک لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە بۆ پێداچوونەوەی دووبارەی بۆ هەیئەتی پێداچوونەوەی سەرپێچیی ئیداریی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم گەڕاندووەتەوە.

بەپێی دەنگە پشتڕاستکراوەکان دژی مامۆستایانی کوردستان؛ شەهرام کەریمی بە ٦ مانگ دوورخستنەوە لە وانەوتنەوە، نەسرین کەریمی بە خانەنشینکرانی زۆرەملێ و کەمکردنەوەی دوو گرووپ، فەیسەڵ نووری بە ٥ ساڵ دوورخرانەوە بۆ کرماشان، غەیاس نێعمەتی بە دەرکردنی هەمیشەیی و مەجید کەریمی  بە دەرکران و دوورخستنەوە و بێبەشکردن لە خزمەتگوزاریی دەوڵەتی سزا دراون.

هەروەها "سەلاح حاجی میرزایی" کە بە یەک ساڵ دوورخرانەوە لە وانەوتنەوە سزا درابوو، دۆسییەکەی بۆ پێداچوونەوەی دووبارە بۆ هەیئەتی پێداچوونەوەی سەرپێچیی ئیداریی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم گەڕێندراوەتەوە.

سەرچاوە سێنفییەکان پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەو سزایانە لە دژکردەوە بە چالاکییە یاسایی و سێنفییەکانی مامۆستایان و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەن لە مانگی بانەمەڕ ١٤٠٣دەر کراوە.

ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕەوتی پێداچوونەوەی ئەو دۆسییانەی نادادپەروەرانە و ناسەربەخۆ لە قەڵەم داوە و دەرکردنی وەها سزایەکی بە ئاشکرا پێشێلکردنی یاسای فەرهەنگییان و داواکاریی کۆمەڵگەی پەروەردە زانیوە.

بە وتەی چالاکانی سێنفی، هەڵسوکەوتی ئینزیباتیی دژی مامۆستایانی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا وەکوو کەرەستەیەک بۆ کپکردنی دەنگی ڕەخنەگران و ڕێگری لە پێکهاتەی سەربەخۆی فەرهەنگییانی لێهاتووە و لە هەندێک لەو حاڵەتانەدا، تەنانەت مامۆستایان لە چوون بۆ قوتابخانە ڕێگرییان لێ کراوە و مافی ئەوان بە شێوەی بەربڵاو پێشێل کراوە.

لەکاتێکدا کە دۆسییەی ڕێژەیەکی زۆر لە مامۆستایانی دیکە هێشتا لە قۆناغی ناڕەزایەتییدایە، پشتڕاستکردنەوەی ئەو سزا قورسانە لەلایەن دیوانی بەناو دادپەروەریی ئیداریی ڕێژیمەوە نیشانەیەکی دیکەیە لە بەردەوامیی هەڵاواردن و سەرکوتی سیستماتیک دژی مامۆستایانی کوردستان.