کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆکوژیی لاوێکی ئەهوازی دوای دەرکرانی لە شیرکەتی پۆڵا

16:24 - 14 خەزەڵوەر 2725

هاووڵاتییەکی عەرەب لە شاری ئەهواز بەناوی کەماڵ بالدی، تەمەن ٢٦ ساڵ و کرێکاری پێشووی شیرکەتی پۆڵا، بەهۆی بێکاری و گوشارەکانی بژێوی ژیان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

کەماڵ بالدی دوای دەرکردنی لە کارەکەی، تووشی هەژاری و خەمۆکی ببوو، تەنانەت بۆ دۆزینەوەی کار چووەتە عێراق، بەڵام دواجار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ناوبراو خێزاندار بووە و کچێکی بچووکی بووە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین حاڵەتی هاوشێوە لە خووزستان ڕوویان داوە، لەوانە ڕەعد سیلاوی، کرێکارێکی عەرەبی خەڵکی غەیزانییە کە دوای دەرکردنی لە کارەکەی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، هەروەها دوو کرێکاری پێترۆشیمیی ڕازی کە بە هۆی بڕینی مووچە و گوشاری کار کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

ئەم ڕووداوانە ڕەنگدانەوەی هەڵاواردنی پێکهاتەیی، بێکاریی بەربڵاو و هەژاری درێژخایەن لە پارێزگای خووزستان، پارێزگایەک کە سەرەڕای ڕۆڵی سەرەکی لە ئابووریی ئێراندا، ڕێژەی بێکاری لە هێندێک بواردا ٤٠ لەسەدی تێپەڕاندووە.

کارناسان زیادبوونی ساڵانەی خۆکوشتن لە ئێران کە نزیکەی ١٠ لەسەدە، بە نیشانەی قەیرانی دەروونی و بژێوی ژیان لە کۆمەڵگەدا دەزانن، قەیرانێک کە قوربانییە سەرەکییەکانی کرێکاران و گرووپە کەمداهاتەکانن.