کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری ئەمریکا بۆ داماڵینی چەک لە حیزبوڵڵا وادەی کورتی بە لوبنان دا

17:25 - 14 خەزەڵوەر 2725

لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکان لە سنوورەکانی باشووری لوبنان، میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لەوە کردووە کە ئەرتەشی ئەو وڵاتە بۆ ئەگەری ململانێ لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان لە ئامادەباشیدایە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو گرووپە بە پشتیوانیی ئێران سەرقاڵی بنیاتنانەوەی ژێرخانی نیزامی و گواستنەوەی مووشەکی کورتمەودا لە سووریە و جێگیرکردنی هێزی نێوخۆیی لە ناوچە گوندنشینەکانی باشووری لوبنانە.

بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی ١٣ی ئیسرائیل، تۆماس باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا تا کۆتایی مانگی نۆڤامبر مۆڵەتی بە دەوڵەت و ئەرتەشی لوبنان داوە کە بۆ چەکداماڵینی حیزبوڵڵا هەنگاو بنێن؛ ئەگەرنا ئیسرائیل دەستی ئاواڵایە هێرشی نیزامی نوێ ئەنجام بدات.

هاوکات واشنگتۆن داوای لە تێلاڤیڤ کردووە تا کۆتایی ئەم وادەیە خۆی لە هێرشکردن بپارێزێت.

هەروەها ڕۆژنامەی ''هائارتێس'' بە پشتبەستن بە سەرچاوە ڕۆژاواییەکان نووسیویەتی کە حیزبوڵڵا توانیویەتی بەشێکی تۆڕی دابینکردنی نیزامیی خۆی لە ڕێگەی ئێران و عێراق و سووریەوە بنیات بنێتەوە.

سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل هۆشدارییان داوە کە ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، هیچ شوێنێکی ئەمن لە لوبنان نامێنێتەوە.