کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مردنی بێدەنگی ٥٣ هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی هەوا لە ساڵی ١٤٠٣

17:55 - 14 خەزەڵوەر 2725

بەپێی داتا فەرمییەکان کە باس لە قووڵایی ڕەهەندە ژینگەییەکان لە ئێران دەکەن، لە ساڵی ڕابردوودا زۆرتر لە ٥٣ هەزار هاووڵاتی بە هۆکاری پیسبوونی هەوا گیانیان لەدەست داوە.

عەباس شاهسەوەنی، ئەندامی لێژنەی زانستیی زانکۆی پزیشکیی بێهێشتی ڕایگەیاندووە کە تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا زۆرتر لە ٥٣ هەزار و ٤٧٠ کەس واتە ١٥ لەسەدی هەموو مردنەکانی ساڵی ڕابردوو لە ئێران بە هۆی پێسبوونی هەواوە بووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە هەر ١٠٠ هەزار کەس، ٨٦ کەس قوربانیی پیسی هەوا بوون کە ئەم ڕێژەیە زۆرتر لە نێوەنجی جیهانییە و ئاکامی ناکارامەیی سیاسەت و کۆنتڕۆڵی پیسکەرەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانە.

شاهسەوەنی هوشداریی داوە کە ٨٦ لەسەدی مردنەکان هۆکارەکەیان پیسی هەوا و نەخۆشییە نەگوازراوەکانە و منداڵە کەم تەمەنەکان، بەساڵاچووەکان و دانیشتووانی ناوچە پەراوێزنشینەکانن کە زۆرترین خەساریان بەرکەوتووە.

ناوبراو جەختی کردەوە کە هۆکارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لەوانە نایەکسانی لە دەسپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ڕێژەی مردنەکان بەهۆی پیسبوونی هەوا هەیە.

بەپێی هەواڵی دامەزراوەی جیهانیی نەخۆشییەکان لە ساڵی ٢٠٢٥، نێوەنجی خەستیی ساڵانەی گەردیلە هەڵپەسیراوەکان لە ئێران لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٤٠ میکرۆگرەم لە میتری سێجێدا بووە کە ٩ میکرۆگرەم زۆرتر لە نێونجی جیهانییە.

بەپێی ئەم هەواڵە ئەم ڕێژەیە، پیسبوونی هەوای ئازادی کردووەتە یەکەمین هۆکاری مەترسی بۆ سەر گیانی خەڵک و مردنیان.

لەحاڵێکدا کە کاربەدەستانی ڕێژیم زۆربەی هۆکاری پیسبوونەکانی هەوا یان دیاردە سروشتییەکان یان دۆخە ناوچەییەکان داناوە، کارناسانی ژینگە جەختییان کردووەتەوە کە پشکی پیشە پیسکەرەکان، ماشینە داڕزیوەکان و لاوازی لە بەکارهێنانی یاسای کۆنترۆڵکردنی هەوا، ڕۆڵێکی دیاریکەری لەم قەیرانەدا هەیە.