کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوشتیگیرانی کرماشانی بوونەتە قوربانیی بەڕێوەبەریی ناکارامەی ڕێژیم

11:17 - 15 خەزەڵوەر 2725

لە کاتێکدا کە وەرشوانانی بواری کوشتیی کرماشان زۆر جار قارەمانەتیی گۆڕەپانی کێبڕکێیەکانیان بۆ خۆیان مسۆگەر کردووە و شانازییەکی زۆریان تۆمار کردووە، لەم ڕۆژانەدا لە سێبەری ناڕوونیی چارەنووسی داهاتووی وەزشییان و ناکارامەییەکانی بەرپرسانی ڕێژیمدا ژیان بەسەر دەبەن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "تەسنیمـ"ـی سەر بە سپای پاسداران لە کرماشان، هەیئەتی کوشتیی کرماشان کە یەکێک لە گرنگترین ناوەندە وەرزشییەکانی ئێرانە، چەندین مانگە لە ڕێگەی سەرپەرەستەوە بەڕێوە دەچێت و هێشتا کۆڕبەندی هەڵبژاردنەکەی بەڕێوە نەچووە. ئەم دۆخە نیگەرانی و گلەیی کۆمەڵگەی کوشتیدۆستی پارێزگاکە و زۆربەی ڕاهێنەران و قارەمانەکانی ئەم بوارەی لە ناسەقامگیربوونی بەڕێوەبەرییەکەی بەدواوە بووە.

ئەو هەواڵدەرییەی ڕێژیم لە زاری وەرزشوانێکی قارەمانی جیهانییەوە ئاماژەی بەوە داوە کە "تیمی کوشتیی کرماشان هەموو کات پشتیوانێکی بەهێزی تیمی میللی بووە بەڵام بەهۆی بەڕێوەبەریی ناسەقامگیر و نەبوونی بەرنامەیەکی دروست زۆرێک لە تواناییەکانی وەرزشوانان بەفیڕۆ دەچێت و ئەوەش هەڕەشەیەکی جیددی لە داهاتووی وەرزشیی ئەو پارێزگایەیە".

شایانی باسە وەرزشوانانی کوردستانی بەتایبەت لە پارێزگای کرماشان سەرەڕای کەمتەرخەمی و خەمساردیی بەرپرسانی ڕێژیم، ساڵانە دەیان سەرکەوتنی گەورەی وەرزشی بەدەست دێنن و لە ئاستی زۆربەی پارێزگاکانی دیکەی ئێراندا بێ ڕکابەرن.