کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی بەرچاوی داهاتی نەوتی ئێران قەیرانی بوودجە گەورەتر دەکاتەوە

11:40 - 15 خەزەڵوەر 2725

دابەزینی بەرچاوی داهاتی نەوت، ئێرانی خستووەتە لێواری یەکێک لە گەورەترین قەیرانە داراییەکانی ساڵانی ڕابردووەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی بەرنامە و بوودجەی مەجلیسی ڕێژیم، تەنیا ٣٢ لەسەدی داهاتی نەوت بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەدیهاتووە و پێدەچێت کورتهێنانی بوودجە بگاتە دوو میلیۆن میلیارد تمەن.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە وەزیری نەوت باسی لە ''دۆخێکی زۆر باش لە فرۆشتنی نەوت" کردبوو، دژایەتییەک کە نەبوونی ڕوونکاری و ناسەقامگیری لە بەڕێوەبردنی ئابووریی ئێراندا نیشان دەدات.

نرخی نەوتی ئێران لە ٧١ دۆلارەوە بۆ ٥١ دۆلار دابەزیوە و داشکاندنی قورس بۆ پاراستنی ئەو بازاڕە سنووردارانەی کە ماونەتەوە، بە تایبەت چین، گوشاری زیاتری خستووەتە سەر سەرچاوەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی.

ئەم دابەزینەی داهات ڕاستەوخۆ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و زیادبوونی قەرزکردن لە بانکی ناوەندی و بڵاوبوونەوەی هەژاریی پەرە پێ دەدا. ئاماری فەرمیی هەڵاوسان لە مانگی ڕەزبەردا کە ٤٨.٦ لەسەد بووە، ئەم ڕاستییە تاڵە پشتڕاست دەکاتەوە.

لەم جۆرە هەلومەرجەدا پێداگریی کۆماری ئیسلامی لەسەر "تێپەڕینی ئاسان لە گەمارۆکان" زیاتر لە حاشاکردن لە قەیران دەچێت نەک شیکاریی ئابووری. هەروەها سپای پاسداران ئێستا بەشێکی بەرچاوی هەناردەکردنی نەوتی بەدەستەوەیە و ڕێژەیەکی زۆر لە داهاتی نەوتی ئێران بۆ ئاژاوەگێڕی و دەستێوەردان لە ناوچەکە خەرج دەکات.

سیاسەتی ئابووریی ڕوون، دەستێوەردانی سپای پاسداران لە هەناردەکردنی نەوت و نەبوونی توانایی دەوڵەت لە ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی، هەموویان ڕێگای چاکسازییان گرتووە.

گەمارۆکان تەنیا بەشێکن لەو قەیرانە؛ بەشەکەی تر بڕیارە نادروستەکانی نێوخۆیە کە ئێران بەرەو هەڵاوسانی هەڵهاتوو و داڕمانی دارایی پاڵ پێوە دەنێت. ئەگەر ئەم تێکەڵە مەترسیدارەی گەمارۆ و ناکارایی بەردەوام بێت، داهاتووی ئابووریی ئێران بە داڕمانی ڕاستەقینە پێناسە دەکرێت.