مای ساتۆ ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆیی ئێران نیگەرانیی خۆی لەمەڕ دۆخی شەش بەندکراوی سیاسی لە ئێران دەربڕی.
ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، مای ساتۆ ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆیی ئێران لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە "ئێکس"دا وێڕای نیگەرانیی لەبارەی دۆخی شەش بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێران، ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیمی تاران خوازیاری ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەو شەش بەندکراوە سیاسییە بووە.
مای ساتۆ بە ئاماژەدان بە ناوی هەرکام لە بابەک عەلیپوور، وەحید بەنی عامریان، ئەکبەر (شارۆخ) دانشوەرکار، پوویا قوبادی، ئەبولحەسەن مونتەزێر و محەممەد تەقەوی بەندکراوانی سیاسیی ئێران نیگەرانیی جیددیی خۆی دەربڕی.
مای ساتۆ لەو نووسراوەیدا باسی لەوە کردووە کە ئەو بەندکراوە سیاسییانە لە دوای تێپەڕاندنی ڕەوتی یاسایی ئەشکەنجە، دەسبەسەریی درێژماوە لە ژووری تاکەکەسی و بێبەریکردن لە پێڕاگەیشتنی دادپەروەرانە بە دۆسییەکانیان، لە کاتی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانیان نزیک دەبنەوە.
"ساتۆ" هەروەها ئاماژەی بە چەندین ڕاپۆرت لەبارەی "پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لە قۆناغی دەسبەسەری و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە" دژی ئەو شەش بەندکراوە سیاسییە پێداگریی کردووە و ئەو هەوڵانەی ڕێژیم دژ بە بەندکراوانی سیاسیی بە نایاسایی و دژایەتیی لەگەڵ جاڕنامە نێونەتەوەیی و جیهانییەکان لە قەڵەم دا.
شایانی باسە ئەو سزایانە لەلایەن ئیمان ئەفشاری بەناو دادوەری لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە تاران، بە تۆمەتی "بەغی لە ڕێگەی ئەندامبوون لە حیزبە دژبەرەکانی ڕێژیمـ"ـەوە بە سەر ئەو شەش بەندکراوە سیاسییەدا سەپاوە.