کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەی تووشبووانی خەمۆکی لە ئێران لە نێونجیی جیهانی زیاترە

16:00 - 15 خەزەڵوەر 2725

بەپێی ڕاپۆرتی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران ڕێژەی خەمۆکی لە ئێران نزیکەی دوو بەرابەری نێونجیی جیهانییە.

ئافەرین ڕەحیمی موەقەر، بەرپرسی ناوەندی میللی ئێعتیادی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران ڕایگەیاندووە کە نزیکەی ١٣ لەسەدی خەڵکی ئێران تووشی خەمۆکی بوونە، لە کاتێکدا نێونجیی جیهانی تەنیا ٧ لەسەدە.

بەپێی ڕاپرسیی سەرتاسەریی تەندروستیی دەروونی لە ساڵی ١٤٠٠، نزیکەی ٢٥ لەسەدی دانیشتووانی ئێران بەدەست جۆرێک لە تێکچوونی دەروونییەوە دەناڵێنن.

سەرەڕای ئەم ئامارە مەترسیدارانە، سیاسەتەکانی تەندروستیی دەروونی لە ئێراندا کەوتوونەتە پەراوێزەوە. بێباکیی ڕێژیم بەرامبەر بە خزمەتگوزاریی ڕاوێژکاری و نەبوونی ناوەندەی چارەسەرکردن و گرانبوونی تێچووی سەردانی پزیشکی دەروونی وای کردووە زۆرێک لە تووشبووانی نەخۆشی بێ چارەسەر بمێننەوە.

لەلایەکی دیکەوە گوشارە ئابوورییەکان، بێکاری، نائەمنیی کار و ژینگەی کۆمەڵایەتی سەرکوتکەر و بێهێوایی بە داهاتوو، مەترسیی تووشبوون بە خەمۆکیی زیاتر کردووە.

لە کاتێکدا بەرپرسان زۆرجار باس لە "بەختەوەریی کۆمەڵگای ئێران" دەکەن، ئامارەکان شتێکی دیکە دەڵێن: کۆمەڵگەیەکی ماندوو و پڕ دڵەڕاوکێ و بێدەسەڵات کە تەندروستیی دەروونیی بووەتە قوربانیی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران.