کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خاوێنکردنەوەی لێوارەکانی گۆلی زرێبار لە بەرەبەری هاتنەوەی باڵندە کۆچەرییەکان

10:36 - 17 خەزەڵوەر 2725

ئەندامانی ئەنجومەنی "سەوزی چیای مەریوان" بە هاوکاریی خەڵکی ژینگەدۆستی ئەو شارە، لە بەرەبەری گەڕانەوەی باڵندە کۆچەرییەکان و دەسپێکی وەزری سەرما، وەکوو ساڵانی ڕابردوو هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی گۆلی زرێباریان بەڕێوە برد.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە بانگەوازێکدا داوای لە ئەندامانی خۆی و خەڵکی ژینگەپارێزی مەریوان کرد کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ لە هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی لێواری زرێباردا بەشدار بن.

شایانی باسە لەو هەڵمەتە ژینگەییەدا، ژینگەپارێزانی شاری مەریوان بەتایبەت لاوان و ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا، پێشوازییەکی گەرمیان لەو هەڵمەتە ژینگەپارێزییە کردووە و لێوارەکانی ئەو گۆلەیان خاوێن کردووەتەوە.

جێگای باسە ئەندامانی سەوزی چیا پێش بارینی باران و هاتنی وەرزی زستان ئەو چالاکییەیان بەڕێوە بردووە و کەنارەکانی گۆلی زرێباریان لە زبڵ و خاشاک خاوێن کردووەتەوە.

"ئەنجومەنی سەوزی چیا" لەوبارەوە ڕایگەیاندووە: ''لەپێناو هەست بە بەرپرسایەتی لەهەمبەر ژینگە و بەتایبەت پێویستیی پاراستنی پەنگاوی زرێبار و سەرکۆنەی ڕاوی پەلەوەر و گرنگیی پەلەوەرە کۆچەرییەکان بۆ زرێبار و دانیشتووانی دەوروبەری ئەم پەنگاوە کە دەورێکی تایبەتی بۆ گەشەی ئابووریی ناوچە و ڕاکێشانی گەشتیار هەیە، هەستاوە بە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە گرنگە".

شایانی باسە ئەنجومەنی سەوزی چیا هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا بە بەڕێوەبردنی دوو بەرنامە؛ یەکەم خاوێنکردنەوەی دەوروبەری زرێبار و دووهەم خاوێنکردنەوەی ژینگەی پەلەوەرە کۆچەرییەکان، ئەرکی ژینگەپارێزیی خۆی بەڕێوە دەبات و پێشوازی لەو کۆچەرییانە دەکات.

جێی ئاماژەیە بەرنامەی یەکەمی خاوێنکردنەوەی دەورووبەری زرێبار، لە ڕۆژی ٢٧ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی لە ڕوژاوای زرێبار بەڕێوە چوو.