کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی شەهیدێکی کوردستان لە شاری مەهاباد

11:51 - 17 خەزەڵوەر 2725

ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، حاجی ساحێب قارەمانی دێبوكری، دایکی شەهیدێکی کوردستان لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

کوڕێکی خاتوو ساحێب بە ناوی تاهیر قارەمانی، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە کە لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕەزبەری ١٣٦١دا وێڕای شەش هاوڕێی لە لكی ٢ هێزی شەهید پێشەوا لە عەمەلیاتی گرتنی پایەگای خەتایی لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان شەهید بوون و تەرمەکانیان لە گۆڕستانی ئاوایی قەمتەرە بە خاكی نیشتمان سپێردران.

ساحێب خانم ژنێكی كۆمەڵایەتی و خەمخۆری بەردەوامی بنەماڵەی شەهید و پێشمەرگەكانی كوردستان بوو، ژنێک بوو کە ژیانی شاهێدی هێز و سەبر و خۆشەویستییەکی قووڵ بۆ گەلەکەی و نیشتمانەکەی بوو و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی خۆلیای ئازادیی كوردستانی هەر لە دڵدا بوو.

تەرمی خاتوو ساحێب قارەمانی بەپێی وەسیەتنامەکەی لە تەنیشت کوڕە قارەمانەکەی لە گۆڕستانی ئاوایی قەمتەرە و لەنێو ئاپۆڕای خەڵکدا بە خاکی نیشتمان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.