کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی ئاو لە ئێران؛ وەزیری وزە بڕینی شەوانەی ئاوی ڕاگەیاند

17:03 - 18 خەزەڵوەر 2725

هاوکات لەگەڵ قەیرانی بێوێنەی ئاو لە سەرانسەری کوردستان و ئێران، وەزیری وزەی ڕێژیم بڕینی شەوانەی ئاوی لە سەرانسەری ئێران ڕاگەیاند.

لەگەڵ بەردەوامیی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی بەرچاوی بارانبارین، عەباس عەلی ئابادی بڕینی شەوانەی ئاوی لە ئێران ڕاگەیاند و داوای لە خەڵک کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کەمیی ئاو، لە ماڵەوە ئاو پاشەکەوت بکەن.

هەروەها ناوبراو ڕایگەیاندووە، ئەگەر کەمیی سەرچاوەکان بەردەوام بێت، ڕەنگە لە شەودا تەوژمی ئاو لە هێندێک ناوچە بۆ سفر دابەزێت.

ئەو لێدوانانەی وەزیری وزە لە کاتێکدایە کە تۆڕی پەرتووکاوی ئاوی شار لە ئێران ساڵانێکە بەبێ نۆژەنکردنەوە ماوەتەوە و زیاتر لە ٣٠ لەسەدی ئاوی خواردنەوە لە کاتی گواستنەوەدا بەفیڕۆ دەچێت.

سەرەڕای ئەوە وەزیری وزەی ڕێژیم بە مەبەستی بەلاڕێدابەردنی بیروڕای گشتی لە بەڕێوەبەریی ناکارامەی کاربەدەستانی ڕێژیم، هۆکاری کێشەکانی ئەم دواییەی بۆ زیانەکانی شەڕی ئەم دواییە لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگەیاند.

وەزارەتی وزەی ڕێژیم لە جیاتی وڵامدانەوەی پرسیاری هۆکاری وێرانبوونی ژێرخان و کەمبوونەوەی پاشەکەوتی بەنداوەکان، جارێکی دیکە بارگرانیی بەرپرسیاریەتییەکەی خستەوە ئەستۆی خەڵک و داوای لێکردن خۆیان تێچووی کڕینی کەرەستەی پاشەکەوتی ئاو دابین بکەن.

هاوکات مەسعوود پزشکییان هۆشداری داوە کە ئەگەر کەمیی باران بارین بەردەوام بێت، ئاوی تاران جیرەبەندی دەکرێت، تەنانەت ئەگەر لە مانگی سەرماوەزدا باران نەبارێت ئەگەری چۆڵکردنی پایتەختیش هەیە.

سەرۆکی فێدراسیۆنی پیشەسازیی ئاوی ئێرانیش بارودۆخی ئێستای سەرچاوە ئاوییەکانی پێیتەختی بە نیگەرانکەرتر لە ئامارە فەرمییەکان وەسف کردووە.

ڕاپۆرتە فەرمییەکان دەریدەخەن کە پاشەکەوتی بەنداوەکانی تاران بۆ تێپەڕاندنی زستان بەس نییە و ٢٠ پارێزگا لە ماوەی ٤٣ ڕۆژی ڕابردوودا یەک بارانبارینی کاریگەریان نەبووە.

کارناسان هۆشداری دەدەن کە قەیرانی ئێستا دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتی هەڵەی دروستکردنی بەنداو و دەرهێنانی لەڕادەبەردەر لە سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی و ناڕوونی لە بەڕێوەبردنی ئاودایە.