کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم؛ بڕینی سەرچاوە داراییەکانی حیزبوڵڵا

17:05 - 18 خەزەڵوەر 2725

لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکا دژی ڕێژیمی ئێران و دستوپێوەندییەکانی لە ناوچەکە، بەرپرسێکی ئەمریکایی ڕایگەیاندووە: "دەرفەتی پێویستمان بۆ بڕینی سەرچاوە داراییەکانی حیزبوڵڵا لە ڕێگەی ئێرانەوە خولقاندووە".

جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لە کاروباری بەرەنگاربوونەوە لەدژی تێرۆریزم بە هەواڵدەریی "ڕوویتێرز"ی ڕاگەیاندووە کە لە ئێستادا دەرفەتی پێویستمان بەمەبەستی ناچارکردنی حیزبوڵڵا بە دانانی چەک لەبەر دەستدایە".

ئەو بەرپرسە ئەمریکاییە پێداگریی لەسەر ئەوە کردووە کە وڵاتەکەی لە هەموو دەرفەتەکانی بەردەست کەڵک وەردەگرێت هەتا گوشارە لانیزۆرەکانی دژ بە حیزبوڵڵا بگرێتە بەر و لە ئێستادا ئەو سەرچاوە داراییانەی حیزبوڵڵای بڕیوە کە لە ڕێگەی ئێرانەوە دابین دەکرا.

جێگری وەزیری خەزێنەداری لە کاروباری بەرەنگاربوونەوە لەدژی تێرۆریزم ڕایگەیاند: "ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای نالەباریی دۆخی ئابووریی خۆی بەهۆی گەمارۆی وڵاتانی ڕۆژاواییەوە توانیویە نزیک بە یەک میلیارد دۆلار بۆ ئەو گرووپە تێرۆریستییە ڕابگوازێت".

شایانی باسە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا دوو کەسایەتیی سزا داوە کە لەپێوەندی لەگەڵ دابینکردنی سەرچاوە داراییەکانی حیزبوڵڵا لەڕێگەی ئێرانەوە چالاکییان دەکرد و لەلایەن وڵاتانی ڕۆژاوایی و عەرەبییەوە خراونەتە لیستی تێرۆرەوە.

ئەو بەرپرسەی ئەمریکا باسی لەوە کردووە کە لەو ڕێگەیەوە هەوڵ دەدەین حیزبوڵڵا بخەینە ژێر گوشارەوە هەتا چەکەکانی ڕادەست بکات.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە هەتا ئێستا، ساڵانە بە سەدان میلیارد دۆلار پارە بەمەبەستی هەناردەکردنی شۆڕش و ئیدۆلۆژییە ئایینە توندوئاژۆکانی هەناردەی دەرەوەی سنوورەکانی خۆی دەکات و گرووپ و دەستوپێوەندییە تێرۆریستییەکانی خۆی پێ بەهێز دەکات و هەروەها ئەو گرووپانە لە ناسەقامگیری و زیاتربوونی ئاڵۆزی، شەڕ و پێکدادانەکانی ناوچەکەدا ڕۆڵی سەرەکییان گێڕاوە.