ئیدریس مینبەری، چالاکی مەدەنی، مامۆستای زمانی کوردی و یەکێک لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی "نۆژین"، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای یەک ساڵ بەندکران، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرایەوە.
ئیدریس مینبەری ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خەزەڵوەر، بە وەرگرتنی ڕاگەیەەندراوێک لەلایەن لقی جێبەجێکردنی حوکمە کەیفەرییەکانی دادگای سنە، بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی بانگ کرابوو و پێی ڕاگەیەندرابوو کە دەبێت ڕۆژی شەممە ١٧ی خەزەڵوەر، خۆی بەو لقە بناسێنێت.
مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٣، ئیدریس مینبەری دوای هەڵوەشاندنەوەی سزای دە ساڵ بەندکرانەکەی لەلایەن دادگای پێداچوونەوە و ناردنەوەی دۆسییەکە بۆ لقی هاوتا، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی بەناو دادوەر کەرەمی، بە تۆمەتی "پێکهێنانی گرووپ و دەستە بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەت" سزای یەک ساڵ بەندکران و یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی، کە بۆ ماوەی سێ ساڵ ڕاگیرابوو بەسەردا سەپا.
ئەم چالاکی مەدەنییە، مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٤، لەگەڵ سروە پوورمحەممەدی لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سنەوە، هەر یەکەیان سزای دە ساڵ بەندکرانی داسەپاویان بەسەردا سەپێنرابوو، کە ئەم حوکمە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە هەڵوەشێندرایەوە و دۆسییەکەی بۆ جاری دووەم ڕەوانەی دادگای شۆڕشی سنە کرایەوە.
ئیدریس مینبەری، بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" سزای یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاوی بە لێدەرچوونی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەری و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان، هەروەها ٤٠ قامچیی پلە ٦ بەسەردا سەپێنرابوو.
ناوبراو، سەرماوەزی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، دوای ٤٣ ڕۆژ دەستبەسەری، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگاییکردن ئازاد کرا.