هێزە بەناو ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم ژنە هونەرمەندێکی کوردی خەڵکی خوراسانی باکووریان بە هۆکاری نادیار دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ڕۆژی شەممە ٨ی سەرماوەز، "ئەسمەر حەمیدی"، چالاکی فەرهەنگی، گۆرانیبێژ و هونەرمەندی لاوی کوردی خەڵکی خوراسانی باکوور، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هونەرمەندە کوردە و جگە لە بەندکردنی، پەیجی تایبەتی ناوبراویان لە ئینستاگرام بلۆک کردووە.
ئەسمەر حەمیدی هونەرمەندی بواری موزیکی کوردییە و لە چالاکانی ژنی بواری فەرهەنگییە. ناوبراو پێشتریش بەهۆی چالاکییە فەرهەنگییەکانی و دەربڕینی تێڕوانینی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە ڕێژیم لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراوە.
لە کۆتاییدا هەنگاو ڕوونی کردەوە کە لە ئێستادا هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەم هونەرمەندە کوردە نادیارە.