کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی تاران تەنیا لە چەند مانگدا سەدان میلیۆن دۆلاری بۆ حیزبوڵڵای لوبنان ناردووە

10:56 - 17 سەرماوەز 2725

زانیارییە ئەمنییەتییە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەرخەری ئەوەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەدان میلیۆن دۆلاری بۆ بەهێزکردنەوەی توانا سەربازییەکانی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان تەرخان کردووە.

ماڵپەڕی "والا نیووز" لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا لە زاری بەرپرسانی ئەمنییەتی سەربازیی ئیسرائیلەوە باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا و بەتایبەت لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەوە، سەدان میلیۆن دۆلاری بەمەبەستی بەدەستهێنانەوەی توانا سەربازییەکانی حیزبوڵڵا و نۆژەنکردنەوەی بنکە و هێزە لەدەستچووەکانی ئەو گرووپە خەرج کردووە.

زانیارییەکانی ئەو ماڵپەڕە ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەو یارمەتییەی ڕێژیمی تاران بە حیزبوڵڵا، دەرمانی بریندارانی شەڕ، کەمئەندامانی ئەو گرووپە، پشتیوانیی ماڵی لە بارهێنانی ئیدۆلۆژیی هێزەکانی ئەو گرووپە، یارمەتیی مانگانەی هێزەکان و یارمەتیی بنەماڵەی کوژراوانی حیزبوڵڵای لەخۆ گرتووە.

هەروەها بەرپرسانی ئیسرائیلی هۆشدارییان داوە کە حیزبوڵڵا دزەی کردووەتە نێو ئەرتەشی لوبنان و لەنێو پێکهاتەی ئەو هێزەدا جێگە و پێگەیان هەیە و ئەوەش بووەتەوە هۆی ئەوەی حیزبوڵڵا لە ڕێگەی ئەو کەسانەوە شوێندانەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سیاسەتە فەرمییەکانی لوبنان هەبێت و دەتوانێت لەسەر هەموو پرسە گرنگەکانی ئەو وڵاتە کاریگەریی گشتگیر و  هەمەلایەنەی هەبێت.

هەر لەو پێوەندییەدا وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی لوبنان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئاماژەی بەوە دابوو کە گوشارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە چەککردنی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای سەر بە ڕێژیمی تاران چڕتر بووەتەوە و یووسف ڕەجی پێداگریی لەسەر ئەوە کردبووەوە کە "چەککردنی حیزبوڵڵا و لەنێوبردنی پێکهاتەی سەربازیی ئەو گرووپە بابەتێکی نێونەتەوەییە و دەوڵەتی لوبنانیش خوازیاری هەرچی زووتر جێبەجێکردنی ئەو بابەتەیە".

کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک پشتیوانی سەرەکیی دارایی و چەکوچۆڵی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان بە ئەژمار دێت و لە ڕێگەی ئەو گرووپە و دەستوپێوەندییەکانی دیکەیەوە لەسەر هەناردەکردنی بەناو شۆڕشی ئیسلامی و پەرەپێدانی ئیدۆلۆژیی توندئاژۆی ئایینیی خۆی پێداگرە و  ئەوەش لەکاتێکدایە کە هەموو میلیشیا و گرووپە تێرۆریستییەکانی سەر بە ڕێژیمی تاران لە ناوچە و جیهان بە سپای پاسدارانیشەوە لەنێو پێڕستی گرووپە تێروریستییەکانی وڵاتانی جیهان و زلهێزەکاندان.