لە درێژەی چالاکییەکانی کۆمیتەی زاگرۆس سەر بە تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات لە چووارچێوەی هەڵمەتی ۱٦ڕۆژی پرتەقاڵی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، بە هاوکاریی ڕێکخراوی ڕۆشنبیری کۆیە، سێمینارێک بۆ هەر یەک لە بەڕێزان نیشتمان ڕۆحانی مامۆستای زانکۆ و چالاکی بواری ژنان و کەنێرە مێهفەر مافپەروەر و چالاکی ژنان، ڕێک خرا.
سێمینارەکە بە ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، بەتایبەتی ژنانی ئازادیخواز و پێشەنگ کە گیانی خۆیان لەپێناو دەستەبەرکردنی مافی ئینسانی و گەیشتن بە ئاسوودەیی کۆمەڵایەتی بەخت کردووە ده ستی پێ کرد.
دواتر لەلایەن پێشکەشکاری سیمینارەکە خاتوو بێگەرد خزرپوورەوە بەخێرهاتنی میوانەکان و کۆڕگێرەکان کرا و کورتەیەک لە مێژووی توندوتیژی باس کرا.
پاشان لەلایەن خاتوو ئاسکە حەسەنزادە بەرپرسی کۆمیتەی زاگرۆس و دەستەی دامەزرێنەری ڕێکخراوی ڕۆشنبیری کۆیەوە، وتەی بەخێرهاتن و ئامانج لە ڕێکخستنی ئەو سێمینارە پێشکەشی ئامادەبووان کرا.
لە بەشی یەکەمی سێمینارەکەدا خاتوو نیشتمان ڕۆحانی بابەتەکەی خۆی بە ناونیشانی "ڕۆشنبیریی ژنان، دەستەبەری کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووە" پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ژنان دەتوانن و دەکرێ زیاتر بێنە مەیدان و بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی خۆیان هەوڵ بدەن تاکوو بتوانن ڕۆڵ و کارایی زیاتریان لە کۆمەڵگەدا هەبێت.
بەشی دووەمی سێمینارەکە تایبەت بوو بە باسەکەی خاتوو کەنێرە مێهفەر کە تایبەت بوو بە "ڕۆڵی یاساکان لە ڕەوتی توندوتیژی دژ بە ژنان".
ناوبراو باسی لە هەموو ئەو چاکسازییانەی کرد کە لە یاساکان و لە بڕگە یاساییەکاندا لەپێناو بەرژەوەندی ژنان لە عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی کراون و و ڕۆڵی یاساکانی هەرێمی کوردستانی لەپێناو بەرژەوەندیی ژنان و پێشخستنیان و پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردی بەرز نرخاند.
بەڕێز مێهفەر هەروەها ئاماژەی بەو گۆڕانکارییە سیاسیانە کرد کە لە سیستمی سیاسی هەرێمدا هاتنە ئاراوە و ئەمانەشی هەموو بە هۆکارێک بۆ بەرەوپێشبڕدنی دۆزی ژنی کورد زانی کە توانیویانە لە ئێستادا لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی ببنە سومبوڵ و جێگەی شانازی بۆ نەتەوەی کورد و لە کۆتاییدا تیشکی خستە سەر ئەوە کە ژنی کورد نەهامەتی و ئازاری زۆریان چێشت تا گەیشتن بەو دهسکەوتانەی ئەمرۆ و دەبێ بەهەموو لایەک هەوڵ بدەین ئەو دەسکەوتانە بپارێزین و هەوڵی زیاتر بۆ بەرەوپێشبردنی ژنان بدرێ و هەوڵ بدرێ کە کۆمەڵگەیەکی تەندروست پەروەردە بکەین کە ئیتر نەوەی داهاتوو بەرەوڕووی توندوتیژی نەبنەوە و دیاردەی توندوتیژی بنبڕ بێ.
بەشی کۆتایی سێمینارەکە تایبەت بوو بە سەرنج و تێبینی و پرسیاری بەشداربووان، کە لەلایەن کۆڕگێڕانەوە وڵام درایەوە.