دیار ئیبنعەباس" بەندکراوی سیاسی کورد دوای تێپەڕاندنی ٣ ساڵ بەندکران ڕۆژی ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرا.
"دیار ئیبنعەباس" ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە چوارڕێیانی مەیدانی ساعەت لە شاری مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و دواتر بۆ حیفارەت ئیتلاعاتی شاری ورمێ گواسترایەوە.
ناوبراو دوای ٢٧ ڕۆژ لێپێچینەوە لەژێر دەستی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە شاری ورمێ، ڕەوانەی بەندیخانەی گشتیی شاری مەهاباد کرا.
ناوبراو دوای حەوتوویەک مانەوە لە بەندیخانەی مەهاباد بە بارمتەی ٨٠٠ میلیۆنی لە بەندیخانە ئازاد کرا.
دوای دوو مانگ لێپرسینەوە و کاری دادگا، لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە مەهاباد بە سەرۆکایەتی "ئوجاقلوو" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان" حوکمی ٣ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەر ناوبراودا سەپاند.
"دیار" مانگی ١٢ی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی کە هێشتا نەگەڕابووەوە بۆ زیندان بۆ کێشانی حوکمەکەی، سەرلەنوێ لە ماڵەکەی خۆی بە تۆمەتی ئەوەیکە بەشداریی خۆپیشاندانەکانی ئەو ساڵەی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" لە مەهابادی کردبوو، دەسبەسەر کرا و ڕەوانەی ئەشکەنجەگاکانی ڕێژیم لە شاری ورمێ کرایەوە و دواتر ٢ ساڵی دیکەش حوکمی زیندانیی بەسەردا سەپا.
دیار ماوەی ٣ ساڵ بێ ئەوەی یەک ڕۆژ مورەخەسی پێ بدرێت، لە بەندیخانە مایەوە و ڕۆژی ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی ئازاد کرا.