کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی سەرۆکی پارلەمانی لوبنان لە خامنەیی لەمەڕ چەکدانانی حیزبوڵڵا

10:33 - 18 سەرماوەز 2725

سەرۆکی پارلەمانی لوبنان داوای فتوای چەکدانانی حیزبوڵڵای لە عەلی خامنەیی کرد.

ڕۆژنامەی لوبنانیی ندای وەتەن لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە نەبیە بەری، داوای لە خامنەیی کردووە تاکوو بە دەرکردنی فتوایەک بۆ حیزبوڵڵا، ببێتە هۆی ئەوەی کە ئەم گرووپە پەهپاد و مووشەکەکانی خۆیان ڕادەستی ئەرتەشی لوبنان بکەن.

ئەم ڕۆژنامەیە ڕۆژی دووشەممە و لە یەکەمین ساڵوەگەڕی ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەددا، باسی لە درزی نێوان دوو حیزبی سەرەکیی شێعە لە لوبنان واتە حیزبی ئەمەل بە ڕێبەریی بەری و گرووپی حیزبوڵڵا کرد.

بە وتەی ئەم ڕۆژنامەیە، نەبیە بەری سێ داواکاریی سەرەکیی لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەبووە کە ئەمە نیشاندەری نیگەرانیی ناوبراو لە بەردەوامیی تێوەگڵانی لوبنان لە پرسەکانی ناوچەکەدایە.

هەر لەم پێوەندییەدا و لە درێژەی هەوڵەکانی دەوڵەتی لوبنان لەمەڕ چەککردنی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە ئەو گرووپە بەبێ ڕەزامەندیی ڕێژیمی تاران چەک دانانێت و چاوەڕێی وڵامی تارانە لەو بارەوە.

یووسف ڕەجی وەزیری دەرەوەی لوبنان ڕۆژی شەممە ١٥ی سەرماوەز، لە وتووێژێک لەگەڵ "ئەلعەرەبییە" ڕایگەیاند: "بڕیاری کۆتایی حیزبوڵڵا لەبارەی چەکدانان لە دەستی ڕێژیمی ئێراندایە".

وەزیری دەرەوەی لوبنان لەبارەی کۆتایی‌پێهێنان بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی تاران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت لوبنان بە "ئەلعەرەبییە"ی ڕاگەیاند: "ئەو بابەتەم لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ڕێژیم لە کۆبوونەوەی ناوچەییدا خستووەتە بەرباس".

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان هەوڵ دەدات لەڕێگەی کات کڕین، ڕێکخستنەوەی هێزەکانی و بردنەسەرەوەی توانا لەدەستچووەکانی خۆی وەک جاران تەیار و ڕێک بخاتەوە.

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گوشارە نێونەتەوەییەکان بۆ سەر لوبنان لەمەڕ چەکدانانی حیزبوڵڵا، ئاکامەکانی ڕاپرسییەکی نوێی دامەزراوەی گالۆپ نیشانی دەدات کە ٧٩ لەسەدی خەڵكی ئەم وڵاتە خوازیاری ئەوەن کە چەک تەنیا لە دەستی ئەرتەشی وڵاتەکەیاندا بێت.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، بڕیاری دەوڵەتی لوبنان بۆ چەککردنی حیزبوڵڵا، کەشی سیاسیی ئەم وڵاتەی خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە و مشتومڕەکان لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی لوبنان، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و بەرپرسانی حکوومەتی لەمبارەوە پەرەیان سەندووە.