کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر لە بانە

10:59 - 18 سەرماوەز 2725

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤،  کاک عەلی عەباسییان کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و دیاری خەڵکی بانە لە تەمەنی ٧١ ساڵیدا لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و خۆشناوی شاری بانە و سنە و بەگشتی کوردستان و دۆستی هەژاران بوو.

کاک عەلی هەلی کاری بۆ زۆر لاوی ئەم نیشتمانە ڕەخساندووە کە ئێستا بە دەیان بنەماڵە بژێوی ژیانیان پێ دابین دەکرێ.

ناوبراو هەر لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای فێربوونی کاری سەنعەتی و داهێنان بووە و لە بانەوە دەچێتە سنە و لەوێ درێژە بە کارەکەی دەدا.

لە ماوەی ژیانیدا، چەندین کەرەستەی سەنعەتی دروست کردووە کە لەوانە دەکرێ ئاماژە بە دەزگاکانی بەردبڕی پارێزگای سنە و بەشێک لە شارەکانی ئێران بکەین کە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەنعەتی ئورووپا هاوتایی دەکرد.

یەکێک لە داهێنانە بە ناوبانگەکانی، ساز کردنی فڕۆکەیێک بوو لە ساڵی ٥٦ تا ٥٨ لە شاری بانە کە لەو سەردەمەدا دەنگدانەوەی زۆری هەبوو و ئێستاش لە یەکێک لە پێشانگا کۆنەکانی تارانە.

تەرمی ناوبراو هەمان ڕۆژ لە زێدەکەی بانە و لە گۆڕستانی سڵێمان بەگ بە خاک سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.