کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بۆ ڕادەستکردنەوەی کارتی کۆتاییهاتنی سەربازیی زۆرەملێ داوای پارە دەکات

11:08 - 18 سەرماوەز 2725

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، ڕێژیم بۆ پێدانەوەی کارتی تەواوکردنی سەربازیی زۆرەملێ، داوای پارە لە هاووڵاتییان دەکات و ئەمە ناڕەزایەتیی زۆری خەڵکی بەدواوە بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە رێژیم لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیلدا، بڕي پارەیەکی خستووەتە سەر هەژماری بانکیی ئەو سەربازانەوە کە لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر بوون.

ئەم پارەیە لەژێر ناوی "پشتیوانیی نائاسایی و پێبژاردن" بە سەربازەکان دراوە و هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی سەربازییە زۆرەملێیەکە، داویان لێ کراوە کە پارەکە ڕادەستی کۆماری ئیسلامی بکەنەوە.

بە وتەی چەند شایەتحاڵێک، بەرپرسانی ڕێژیم هۆشدارییان داوە کە ئەگەر ئەو پارەیە نەگەڕێننەوە، دەرکردنی کارتی کۆتایی تەواوکردنی سەربازییەکەیان ڕادەگیرێت. ئەم هەڕەشەکردنە لە خەڵک لەکاتێکدایە کە هەبوونی ئەم کارتە بۆ زۆربەی کاروباری ئیداری و کۆمەڵایەتی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ پیاوان پێویستە و لە ئەگەری نەبوونیدا هاووڵاتییان لە زۆر بابەتی هەستیار و گرینگی وەک دامەزران، یان وەرگرتنی پاسپۆرت و زۆر بابەتی دیکە بێبەری دەکرێن.

ئەم هەڕەشانەی ڕێژیم بۆ وەرگرتنەوەی پارەکە شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی لە نێوان سەربازان و بنەماڵەکانیاندا لێکەوتووەتەوە و ئەمەیان بە "نایاسایی" ناو بردووە.

تاکوو ئێستا هیچ بەرپرسێکی ڕێژیم بە ئاشکرا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم بابەتە نەداوە.