فەرمانداری ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا بە دەرکردنی فەرمانێک هەر دوو گرووپی ئایینیی "ئێخوانۆلموسلمین" و "شۆرای پێوەندیی ئەمریکایی ــ ئیسلامیی" وەک دوو ڕێکخراوی تێرۆریستیی دەرەکی ناساند.
ڕۆژی دووشەممە ١٧ سەرماوەز، ڕۆناڵد دێسانتیس فەرمانداری ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا بە دەرکردنی فەرمانێک لەژێر ناوی "پاراستنی خەڵکی فلۆریدا لە بەرانبەر ڕێکخراوە تێرۆریستییە ڕادیکاڵە ئیسلامییەکان" لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێسکدا ڕایگەیاند: "فەرمان بە تەواوی ناوەندەکانی فلۆریدا دەدەین کە هەموو هەوڵە یاساییەکان بۆ پێشگرتن بە چالاکیی نایاسایی هەر دوو گرووپی ئێخوانولموسلێمین و شۆرای پێوەندیی ئەمریکایی و ئیسلامی بگرنە بەر".
دێسانتیس لەو فەرمانەدا هۆشداریی داوە کە هەر کەس و ناوەندێک پشتیوانی لەو دوو گرووپە بکات لە هەر جۆرە خزمەتگوزاری و پشکێکی ویلایەتی فلۆریدا بێبەری دەکرێت.
لەو فەرمانەی فەرمانداری فلۆریدا هاتووە کە ئێخوانولموسلێمین بۆ ماوەیەکی زۆر بەشداری و پشتیوانی لە توندوتیژی و هەوڵدان بۆ دروستکردنی خیلافەتی ئیسلامیی جیهانی کردووە و هەوڵەکانی ئەو گرووپەی وەک ئیدۆلۆژیی ناتەبا لەگەڵ یاسای ئەمریکا بەتایبەت مافی ئازادیی ئایینی و یەکسانی لەبەرانبەر یاسادا لە قەڵەم داوە.
هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەی فەرمانداریی فلۆریدادا ئاماژە بەوە دراوە کە حەماس دروستکراوی دەستی ئێخوانولموسلێمینە و لە دوای هێرشی ٧ی ئۆکتۆبر، لقوپۆکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین وەک حەماس و حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی فەلەستین کە ئامانجیان لەنێوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیلە، پشتیوانیی ماڵی و عەمەڵیاتییان لێ کردووە.
هەر لەم پێوەندییەدا و لە مانگی مەی زایینیدا ئێمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکۆماری فەرانسەش لەبارەی ئەو گرووپە تێرۆریستییەوە بە دەوڵەتەکەی ڕاگەیاندبوو کە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دزەکردنی ئێخوان لە فەرانسە بەڵگەگەلێک بخاتە ڕوو.
ئیخوانولموسلێمین بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی سوننە مەزهەبە کە ساڵی ١٣٠٧ هەتاوی لەلایەن "حەسەن بەننا"، لە شاری "ئیسماعیلییە"ـی میسر دامەزرێندرا و پاشان بوو بە گەورەترین کۆمەڵەی سیاسیی سوننە مەزهەب لە جیهانی ئیسلامدا و لەلایەن دەوڵەتەکانی قەتەر، تورکیە و ئێرانەوە پشتیوانییان لێ کرا.
شایانی باسە پێوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیخوانولموسلمین بە شێوەیەکی پێچراوەتر، ستراتێژیکتر و نائاشکراتر لە قەتەر و تورکیەیە.
هەروەها تاکوو ئێستا وڵاتانی ڕووسیە، میسر، بەحرەین، ئێمارات و عەرەبستان، ئیخوانولموسلمینیان وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی پێناسە کردووە.