کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی سپای ئیسرائیل لەمەڕ بەرهەمهێنانەوەی بەرفراوانی مووشەکی بالستیک لەلایەن ئێرانەوە

16:18 - 18 سەرماوەز 2725

لە ڕاپۆرتێکی نوێی بەرپرسێکی نیزامیی ئیسرائیلدا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران سەرەڕای گوشارە نێودەوڵەتییەکان و زیانەکان دوای شەری ١٢ڕۆژە، دووبارە سازکردنەوەی مووشەکی بالستیکی بە خێرایی دەست پێ کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی وای نێت، بەرپرسێکی باڵای ئەرتەشی ئیسرائیل لە دانیشتنێکی نهێنیی کۆمیتەی دەرەوە و بەرگریی کنێست ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران بە خێرایی خەریکی نوێکردنەوەی جبەخانە مووشەکییەکانییەتی کە لە شەڕی مانگەکانی پێشوودا زەرەری زۆریان پێ گەیشتبوو.

ئەم بەرپرسە جەختی کردووەتەوە کە ڕێژیمی تاران بە کەڵکوەرگرتن لە شێوازی کۆن و دوای تێکشکانی کەرەستە پێشکەوتووەکانی، سووڕی بەرهەمهێنانی بە بێ ڕاگرتن درێژە پێ دەدات و دەیهەوی لە ئەگەری هەر شەرێکدا هاوکات سەدان مووشەک بە یەکەوە بهاوێت.

گەڕانەوەی ڕێژیم بۆ مانۆڕە مووشەکییەکانی لەوانە مانۆڕی ئەم دواییانەی سپای پاسداران لە کەنداو و دەریای عەمان، نیشانەیەکی دیکە لە ڕوانگەی هێرشبەرانەی ڕێژیمە.

لەم مانۆڕەدا فەرماندەی هێزی دەریایی سپا لە تاقیکردنەوەی مووشکی نوێ بە مەودای زۆرتر لە درێژایی کەنداوی ڕاگەیاند بەڵام باسی لە وردەکارییەکانی نەکرد.

هاوکات ئامریکا و ئیسرائیل مانۆڕی دەریایی هاوبەشی خۆیان لە چوارچێوەی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشە ناوچەییەکان دەست پێ کردووە، مانۆڕێک کە بەپرسانی ئیسرائیل ئامانجەکەیان بەهێزکردنی هاوکارییەکان بۆ هەڕەشە لەلایەن تارانەوە ڕاگەیەندووە.

دیپلۆماتکارانی ڕۆژاواش هوشدارییان داوە کە ڕێژیمی ئێران نایهەوێ ئاڵۆزییەکان کەم بکاتەوە بەڵکوو دەیهەوێ بەخێرایی پرۆژە موشەکییە بالستیکەکانی چاک بکاتەوە.

ئەوان باوەڕیان وایە کە گرینگیپێنەدانی تاران بە هۆشدارییەکان و وەسفکردنیان بە فریودەر، لە ئەگەری هەر تاوتۆیێکردنێکی هەڵەدا، هەڵگیرسانی دووبارەی قەیرانەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو بەدواوە دەبێ.