لەحاڵێکدا کە هەڵاوسانی لەڕادەبدەر و داڕمانی ئابووری، بژێوی ژیانی میلیۆنان بنەماڵەی لە تەواوی کوردستان و ئێران گەیاندووەتە سنووری هەڵوەشانەوە، ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە لە حەوتووی داهاتوودا نرخی سێیەمی بنزین بە شێوەی فەرمی جێبەجێ دەکرێت.
فاتمە موهاجێرانی وتەبێژی پزشکییان ڕایگەیاندووە کە لە شەممە ٢٢ی سەرماوەزەوە، نرخی بێنزین لە وێستگەکان، پێنج هەزار تمەن بەرز دەبێتەوە و بێنزین لەمەودوا بە سێ نرخی ١٥٠٠، ٣٠٠٠ و ٥٠٠٠ تمەن دەفرۆشرێت.
ڕێژیم دەڵێت ٨٠ لەسەدی خەڵک پێداویستییەکەیان بە پشکی ١٦٠ لیتری و نرخە یارانەییەکانییان دابین دەکەن، بەڵام ڕەخنەگران ئەم قسەیان بە ناڕاست زانیوە، چونکە هەر بنەماڵەیەک بە کەمێک بەکارهێنانی زۆرتر، ناچار بە پێبژاردنی زۆرترین نرخ دەبێت.
جێی باسە کە پشکی یارانە تەنیا بۆ یەک ماشین دابین کراوە و عەباس باسەفا بەرپرسی سیستمی هۆشمەندی سووتەمەنی ڕایگەیاندووە کە لانیکەم سێ میلیۆن کەس زۆرتر لە یەک ماشینییان هەیە، بۆیە میلیۆنان هاووڵاتی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نرخی ٥٠٠٠ تمەنی بەرەوڕوو دەبنەوە.
کارناسان هوشدارییان داوە کە ئەم بریارە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر زۆربوونی نڕخی هاتوچۆ، شتوومەکی خۆراکی، شتە زەروورەکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان هەبێت و گوشارێکی زۆر دەخاتە سەرشانی کەسانی کەم داهات.
جێی باسە کە ڕێژیم پێشتریش لە خەزەڵوەری ٩٨ و لە هەوڵێکی کتوپڕدا نرخی بێنزینی تا ٢٠٠لەسەد بەرز کردەوە کە ئەمە بووە هۆی تووڕەیی و خۆپیشاندانی گشتیی خەڵک و لە ئاکامی خۆپێشاندانەکان و سەرکوتی خوێناویی ئەو خۆپیشندەرانەدا زۆرتر لە ١٥٠٠ کەس کوژران و سەدان کەسیش بریندار بوون.