کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چڕتربوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا

12:22 - 19 سەرماوەز 2725

ئەرتەشی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە هێرشێکی ورددا بنکەی ڕاهێنانی یەکەی ڕزوانی حیزبوڵڵای لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج.

ئەرتەشی ئیسرائیل لە بەیاننامەی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەزی خۆیدا ڕایگەیاند: "ئەو بنکانە کراونەتە ئامانج، ڕاهێنانی سەربازیی بە هێزەکانی حیزبوڵڵا بەمەبەستی هێرش بۆ سەر ئیسرائیلیان تێدا بەڕێوە دەچوو".

لەو بەیاننامەدا هاتووە کە "ئەو هەوڵانەی حیزبوڵڵا پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی نێوان ئیسرائیل و لوبنانە و وەک هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل بە ئەژمار دێت". 

هەروەها هەواڵدەریی فەرمیی لوبنان ئەمڕۆ سێشەممە، هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەیەکی حیزبوڵڵای پشتڕاست کردەوە.

شایانی باسە هەتا ئێستا لە زانیارییەک سەبارەت بە زیانە ماڵی و گیانییەکانی ئەو گرووپە لەبەر دەستدا نییە.

ئەو هێرشانەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل و لوبنان هەر دوو نوێنەرانی غەیرەسەربازیی خۆیان بۆ کۆمیتەی چاوەدێری بەسەر ئاگربەستدا بەڕێ کردووە.

شەڕ و ململانێی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لەکاتێکدایە کە ئاگربەستی فەرمی لە نێوان هەر دوولا لادا جێگیرە و لە سنوورەکانی باشووری لوبنان هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و چالاکییە سەربازییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان بە پشتیوانیی ڕێژیمی تاران ڕووی لە پەرەسەندنە.

هێرشە چڕوپڕەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا لەکاتێکدایە کە ئەو گرووپە هەوڵەکانی خۆی بۆ نۆژەنکردنەوەی جبەخانەکان، بەهێزکردنی هێزە لاوازەکانی و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانە سەربازییەکانی چڕتر کردووەتەوە.