کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ئەمریکا لەمەڕ پەرەسەندنی شەپۆلی لەسێدارەدانەکان لە ئێران

16:17 - 19 سەرماوەز 2725

وەزارەتی دەرەوەی کاروباری ئەمریکا سەرەڕای ڕەخنەی توند لە چوونەسەرەوەی بەرچاوی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران ڕایگەیاند: "کۆماری ئیسلامی لە سزای لەسێدارەدان وەک دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ و کپکردنی دەنگی ناڕازییان کەڵک وەردەگرێت و کۆمەڵگەی جیهانی نابێت لە بەرانبەر ئەو ڕەوتەدا بێدەنگی هەڵبژێرێت.

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە کەڵکوەرگرتنی کۆماری ئیسلامی لە سێدارە، پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤە و واشینگتۆن بۆ ئازادی و دادپەروەری لە بەرەی خەڵکی ئێراندایە.

لەو بەیاننامەدا هاتووە کە تەنیا لە مانگی نۆڤامبردا لانیکەم ٢٦٠ کەس لە ئێراندا لە سێدارە دراون؛ ئامارێک کە بە وتەی ئەمریکا زۆرترین ڕێژەی مانگانەی دوو دەیەی ڕابردوویە و ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامی بەشێوەی فەرمی تەنیا دوو حاڵەتیان ڕاگەیاندووە.

هاوکات، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە مانگی نۆڤامبردا لانیکەم ١٥٢ کەس لەوانەش ٥ ژن و چەند هاووڵاتیی ئەفغانستانی و عێراقی لە ئێراندا لە سێدارە دراون.

ئەو ڕێکخراوە هەروەها ڕایگەیاند کە لە ١١ مانگی ڕابردوودا لانیکەم هەزار و ٤٢٦ حاڵەتی لەسێدارەدان لە ئێراندا تۆمار کراوە کە بەنیسبەت ماوەی زەمەنیی ساڵی ڕابردوو ٧٠ لەسەد هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە.

ئەو ناوەندە مافی مرۆییە بە ئاماژەدان بە مەترسیی ئاساییبوونەوەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران، داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی و کەسایەتییە فەرهەنگی و سیاسییەکان کردووە کە لەوبارەوە کاردانەوەی جیددییان هەبێت.

ئامارە بڵاوکراوەکان لەلایەن "هێرانا"وە دەرخەری ئەوەن کە لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوووە هەتا ڕەزبەری ئەمساڵ لانیکەم هەزار و ٥٣٧ کەس لە ئێراندا لە سێدارە دراون.

هەروەها سەرەڕای ئەو ڕاپۆرتانە، وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا و کۆمیتەی سێهەمی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک و بڕیارنامەیەکی جیاواز، خوازیاری ڕاگرتنی خێرای لەسێدارەدانەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بوو.