کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەبوونی ٦٠٠ قوتابخانەی داڕماو و ٢٠٠ قوتابخانە بە بێ سرویسی بێداشتی لە لوڕستان

16:19 - 19 سەرماوەز 2725

لەکاتێکدا کە لوڕستان لەسەر پشتوێنی چالاکی ئاخێزگەی بوومەلەرزە لە ناوچەی زاگرۆسدا هەڵکەوتووە، هەبووی ٦٠٠ قوتابخانەی داڕماو لە ڕیزی قوتابخانە داڕماوەکان و کەمبوونی ئیمکاناتی سەرەتایی لە سەدان قوتابخانەی دیکەدا، زەنگێکی مەترسیی جیددی بۆ ئەمنییەت و تەندروستیی هەزاران قوتابیی ئەم پاریزگایەیە.

محەممەدعەلی ڕەزەوی، بەرپرسی کۆڕی خێرخوازانی دروستکردنی قوتابخانە لە لوڕستان، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەی ١٨ پۆلی لە برووجێرددا بە ڕەخنەگرتن لە دۆخی نیگەرانکەری کەشی پەروەردەیی پارێزگاکە، ڕایگەیاند کە دۆخی هەنووکەیی هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر داهاتووی خوێندنی منداڵانی لوڕستانە.

ناوبراو جەختی کردەوە کە لوڕستان سەرەڕای هەبوونی دەفرایەتیی بەربڵاو، لە بواری پەروەردەدا لەگەڵ بێبەریبوونی بەرچاو بەرەوڕوویە.

ڕەزەوی بە ئاماژە بەوەی کە برووجێرد، دوروود و سیلاخور لەسەر شریتی چالاکی زاگرۆس هەڵکەوتوون وتی بوومەلەرزەیەک کە هێزی مامناوەندی هەبێ دەتوانێ دەیان قوتابخانەی بەردینی داڕزیو بەگشتی وێران بکات.

ناوبراو ڕایگەیاند کە لە ئاستی پارێزگادا ٦٠٠ قوتابخانە لە ڕیزی ئەو قوتابخانەنەدان کە داڕماون و پێویستییان بە نۆژەنکردنەوەی خێرا هەیە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا جەختی کردەوە کە نزیکەی ٢٠٠ قوتابخانەی لوڕستان ئێستاش سرویسی بێداشتیی ستانداردیان نییە.

هەبوونی ٦٠٠ قوتابخانەی داڕماو و ٢٢٠ قوتابخانە کە سرویسی بێداشتییان نییە نیشانی دەدات کە هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە قوتابییان لە شوێنگەلی ناپارێزراو دەخوێنن، پارێزگای لوڕستان لە سەرەتاییترین ستانداردەکانیش بێبەرییە.

ڕەزەوی بە ڕەخنە لە کەمتەرخەمیی دەوڵەت و ناوەندە پێوەندیدارەکان، جەختی کردەوە کە ڕێژەی کیشەکان ئەوەندە بەربڵاوە کە هەوڵەکانی خەڵک قەت ناتوانێ بەتەنیایی وڵامدەری کێشەکان بێت.

بەردەوامیی دۆخی ئێستا نیشانی دەدات کە پارێزراوبوون و کەرامەتی قوتابییان لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی پەروەردەدا جێگایەکیان نییە و لەکاتێکدا کە تێچووی ناپێویست لە بەشی نیزامیدا بۆ ڕێژیم بەرز بووەتەوە، قوتابخانەکانی لوڕستان بە بێ ئیمکاناتی پێویست پشتگوێ خراون.