
ئاسۆ مینبەری
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان پرسی مارەیی بۆ ژنان لە کۆمەڵگەی ئێراندا دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەدەی ٧ی زایینی و لەو کاتەدا مارەیی وەک ماف بۆ ژن دیاری کراوە. پاش هاتنەسەرکاری ئیسلام ئەم پرسە بە یاسایی و شەرعی کرا و پێبژاردنیشی لەلایەن پیاوانەوە بە پێویست دانرا کە ڕێژەکەی پێوەندیی بە ڕێککەوتنی دوو لایەنەوە بوو.
لەو کاتەوە هەتا ئێستا پرسی مارەیی لە کۆمەڵگەی ئێراندا وەکوو پرسێکی جێگای مشتومڕ چاوی لێ دەکرێت؛ لەلایەکەوە پیاوان دژایەتیی ئەم پرسە دەکەن و بە هۆکارێک بۆ نایەکسانیی دەبینن، لەلایەکی تریشەوە ژنان ئەمە بە مافی خۆیان دەزانن و لەسەر وەرگرتنیشی سوورن، پێداگری لەسەر ئەم بابەتەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەپێی یاسا و شەرعی ئیسلام ئەم پرسە بە "عندالمطالبە" ناوی لێ براوە، بەو واتایە کە هەر کاتێک ژن بیهەوێ، پیاو ئەرکدار بە پێبژاردنیەتی.
هاوکات لەگەڵ ئەم دوو لایەنە، لایەنێکی سێهەمیش هەیە کە نە لە بەرەی پیاوان و نە لە بەرەی ژناندان، بەڵکوو بە ڕوانینێکی تایبەتتر لە پرسەکە دەڕوانن و پرسی مارەیی بە پرسێکی لۆژیکی نابینن. ئەوان پێیان وایە کە ئەم پرسە بە مانای بەکۆیلەکردنی ژنانە و ئەو بابەتە ڕەت دەکەنەوە کە لە ئەگەری جیابوونەوەدا مارەیی دەتوانێ پشتیوانێکی دارایی بۆ ژنان بێت. ئەوان پێێان وایە ژنان وەک مرۆڤگەلێکی سەربەست و بەتوانا لە هەر حاڵەتێکدا توانای بەڕێوەبردنی ژیانی خۆیان هەیە و بەستراوە بە پرسی مارەیی نین کە لەلایەن پیاوانەوە پێان بدرێت و ئەمە بە بێڕێزی بە کەرامەت و تواناکانی ژنان دەبینن. هەر بۆیە زۆر جار دەبینین چونکە پرسی یاسایی مارەکردن بەبێ دیاریکردنی ڕێژەی مارەیی جێبەجێ ناکرێ، مارەییەکە بە شتێكی جیا لە پارە دیاری دەکەن، بۆ نموونە کتێبێک، یان چەپکەگوڵێک یان وەک ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە شاری کامێران بینیمان بە چاندنی ٢٧٢٥ داری بەڕوو لە کوردستان!
لە هەموو ساڵانی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی جەختی تایبەتی لەسەر پرسی مارەیی کردۆتەوە و ئەمەی وەکوو ماف بۆ ژنان بە ڕەوا زانیوە! بانگەشەی ئەوەی کردووە کە یاسا ئەم مارەییەی بۆ پشتیوانی لە ژنان دیاری کردووە و بیری لە داهاتووی ژنان کردۆتەوە کە نەکا دوای جیابوونەوە لە هاوسەرەکانیان بێ پارووە نانێک بمێننەوە و بەڵکوو بتوانن بەم مارەییە ژیانی خۆیان بەڕێوە ببەن.
بە پێچەوانەی هەموو ئەم پڕوپاگەندانەی ڕێژیم و بەڵێنی پشتیوانیکردنی لە ژنان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا پەسەندکردنی یاسای ١٤ سکە مارەیی ئەویش هاوکات لەگەڵ گرانبوونی نرخی دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، کۆمەڵگەی تووشی ئاڵۆزی کرد و ناڕەزایەتیی ژنانی لێ کەوتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤، مەجلیسی ڕێژیم سەرووترین ئاستی مارەیی ژنانی لە ١١٠ سکەوە بۆ ١٤ سکە کەم کردەوە. بەپێی ئەم یاسایە، مارەیی ژنان بە هەر ڕادەیەک بێت تەنیا بۆ ١٤ سکەی سزای دارایی بۆ پیاوان دیاری دەکرێت و زیاتر لەم ژمارەیە سزای بەدواوە نابێت و تەنیا بەپێی توانای پیاوەکە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێ.
مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە بەپێی پەسەندکراوێکی نوێ کە دەبێ لەلایەن شوڕای نیگابانی ڕێژیمەوە پشتڕاست بکرێتەوە، سزای بەندکردنی پیاوان بە هۆی مارەییەوە نەماوە و داواکردنی زیاتر لەو ڕێژەیەش بە توانایی دارایی پیاوەکەوە بەستراوەتەوە. بەو پێیە مارەییەک کە بڕەکەی زیاتر لە ١٤ سکە بێت، تەنانەت بڕیاری دابەشکردنی مانگانەش نایگرێتەوە. وتەبێژی لێژنەی سەرۆکایەتیی مەجلیس لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە پێشتر بۆ مارەیی زیاتر لە ١١٠ سکە، سزای بەندکردن هەبوو، بەڵام بەپێی ئەم پەسەنکراوە ئێمە بەندکرانەکەمان لا بردووە و پێبژاردنی ١٤ سکەکە بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکییەوە دەبێ.
پەسەندکرانی گۆڕینی یاسای مارەیی کاردانەوەی زۆری ژنانی بەداوە بووە چونکە ئەم پەسەندکراوە و لابردنی سزای بەندکران بۆ پیاوان لە کاتێکدایە کە هیچ گۆڕانێک لە یاساکانی بنەماڵە و گەڵاڵەی ئەمنییەتی ژناندا پێک نەهاتووە و ژنان ئەمەیان بە نیشانەی هەڵاواردنی ئاشکرا دژی خۆیان ناو بردووە.
هەندێک لە چالاکانی بواری ژنانیش پێیان وایە کە مارەیی لە کاتی ئێستادا تەنیا کەرەستەی بەرگریی ژنان لە بەرانبەر جۆرەکانی توندوتیژیی سیستماتیکە کە بەتایبەت لە چوار دەیەی ڕابردوودا بەسەریاندا سەپاوە.
لە ڕاستیدا هەبوونی مارەیی وەک مەرجی سەرەکی بۆ هاوسەرگیری خۆی کۆمەڵێک کێشەی هەیە کە باسکردن لێیان لەم بابەتەدا ناگونجێ بەڵام نابێ لەبیرمان بچێت کە هاوکات لەگەڵ هەموو پڕوپاگەندەکانی ڕێژیم، ئەم بڕیارەی ئێستا نەک لە بەرژەوەندیی ژناندا نییە بەڵکوو زۆر بە زیانیان دەشکێتەوە. ئەگەر کۆمەڵگەی ئێران کۆمەڵگەی ئازاد و یەکسان بایە، ئەم بڕیارە دەیتوانی هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ بەرەو یەکسانی بردنی کۆمەڵگە بێت، بەڵام ئاشکرایە کە نە کۆماری ئیسلامی لە چییەتیی خۆیدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە و نە ئەم بڕیارەش بە قازانجی خەڵکە و بێگومان جگە لە دروستکردنی ئاڵۆزی و پێشێلکردنی ئەو تۆزە مافەی ژنانیش کە ماوە هیچی تری لێ شین نابێت.