کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ڕەوتی گوشار و ئازار دژی بەهاییەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

13:07 - 20 سەرماوەز 2725

ڕێکخراو و ناوەندە مافی مرۆییەکان ئاماژەیان بەوە داوە لە ساڵی ڕابردووەوە هەتا ئێستا ئازار و گوشار بۆ سەر بەهاییەکان لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە سێ قات زیادی کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەز هەرکام لە ڕێکخراوی دیدەبانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەهاییەکان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا باسیان لەوە کردووە کە لە ساڵی ڕابردوو هەتا مانگی نۆڤامبری ٢٠٢٥ یانی دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی گوشار و ئازار و توندوتیژییان دژی بەهاییەکانیان سێ قات زیاتر کردووە.

بەپێی بەڵگەکانی ڕێکخراوی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەهاییەکان، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لانیکەم ٧٥٠ حاڵەتی ئازار و توندوتیژیی دژی ژنان لە سەرانسەری ئێران لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە تۆمار کراوە.

بەڵگەکانی ئەو ڕێکخراوەیە دەرخەری ئەوەیە لەو ڕێژەیە ٢٠٠ حاڵەت بەشێوەی هەڵکوتانە سەر ماڵ و شوێنی کاری ئەو هاووڵاتییانە و ١١٠ حاڵەتی دەسبەسەرکردن و لێپرسینەوە بووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو دوو ڕێکخراوەیە، زیاتر لە سەد هاووڵاتیی بەهایی سزای قورسی ٢ هەتا ١٠ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپێندراوە و ئەوەش لەکاتێکدایە کە لانیکەم ٤٥ هاووڵاتیی دیکەی ئەو کەمینە ئایینییە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی بەندکرانەکەیان بانگی بەندیخانەکانی ڕێژیم کراون.

هەروەها لەو یەک ساڵەدا ٢٦ دۆسییەی داخراو دژی ئەو هاووڵاتییانە لە شیراز دووبارە خراونەتە گەڕ و کارا کراونەتەوە.

شایانی باسە لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵەوە، یەکیەتیی ئورووپا چەند کەسایەتیی یاسایی و بەشی جۆراوجۆری سیستەمی دادگوستەری ڕێژیمیان بەهۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و گوشار بۆ سەر بەهاییەکان سزا داوە.

هەر لەو پێوەندییەدا پارلەمانی ئورووپا لە دوو حەفتەی ڕابردوودا بە تێکڕای دەنگ بڕیارنامەیەکی لەمەڕ مەحکوومکردنی سەرکوتی بەهاییەکانی لە ئێران مەحکووم کرد و داوایان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کرد کە بەخێرایی کۆتایی بە هەڵاواردن، ئازار، دەسبەسەرکردن، دەسبەسەرداگرتنی ماڵی ئەو هاووڵاتییانە و پیشێلکردنی مافی بنەڕەتیی بەهاییەکان بێنێت.