کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی حەماسی بە تاوان دژی مرۆڤایەتی تاوانبار کرد

13:16 - 20 سەرماوەز 2725

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتێکی نوێدا هەوڵەکانی گرووپی تێرۆریستیی حەماس سەر بە ڕێژیمی تارانی لە ‌ڕەوتی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ی بۆ سەر ئیسرائیل، بە "تاوان دژی مرۆڤایەتی" لەڕێگەی "کوشتنی بەکۆمەڵ" لە قەڵەم دا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ی سەرماوەز، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتێکی دوورودرێژی ١٧٣ لاپەڕەییدا پێداگریی لەسەر کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی ئاسایی ئیسرائیل لە ڕەوتی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبر لەلایەن گرووپی حەماس و گرووپە چەکدارەکان دیکەی نزیک لە ڕێژیمی تاران کردەوە.

جیناتەتی جەنگی، بارمتەگرتن، هەڵسوکەوتی دژەمرۆیی لەگەڵ بارمتەکان، بێسەروشوێنکردنی تەرمی کوژراوان و دەیان تاوانی دیکە لەو ئاکارانەی حەماس بە ئەژمار دێن کە لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژەدیان پێ دراوە.

شایانی باسە پێشتر ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی هەوڵەکانی حەماسی تەنیا بە "جینایەتی جەنگی" دەزانی بەڵام لەم ڕاپۆرتەدا و پاش وەدەستخستنی هەزاران بەڵگە لەو جینایەتانەی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم لە ناوچەکە، ئەو ڕێکخراوەی هێنایە سەر ئەو بڕوایە کە ئەو کردەوانە نە تەنیا جینایەتی جەنگییە بەڵکوو هەموویان دەچنە چوارچێوەی تاوان دژی مرۆڤایەتی و کۆمەڵکوژیی سیستەماتیکەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانە، لەو ڕەوتی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، هەزار و ٢٢١ ئیسرائیلی کوژران و زیاتر لە ٢٥١ کەسیش بە بارمتە گیران.

هەروەها لە کۆی ٢٥١ بارمتە ئیسرائیلییە، ٤٤ کەسیان لەلایەن حەماسەوە و لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون.

زانیارییەکانی ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییە دەرخەری ئەوەیە کە بارمتەکان لەژێر دەستی حەماسدا ڕووبەڕووی ئازاری جینسی و دەستدرێژیی سێکسی بوونەتەوە.

لە بەشێکی ئەو ڕاپۆرتەدا، گوردانی عێزەددین قەسام باڵی سەربازیی حەماس لە پلەی یەکەمدا و جیهادی ئیسلامیی فەلەستین، تیپەکانی شۆهەدای ئەلئەقسا و هەندێک لە گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە پلەی دووهەمدا تاوانکارانی سەرەکیی ئەو تاوانەن کە لە دژی خەڵکی ئاسایی ئیسرائیل گیراونەتە بەر.