دیوانی باڵای ڕێژیم حوکمی لەسێدارەدانی وریشە مورادی بەندکراوی سیاسیی مەحکوم بە سێدارەی، بەهۆی کەمکۆڕی لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان و بە هۆی ڕەچاونکردنی ڕەوتە یاساییەکان هەڵوەشاندەوە.
مستەفا نیلی پارێزەری وریشە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەز لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند کە دوای پێداچوونەوە بە بریاری دادگا سەبارەت بە وریشە مورادی لە دیوانی باڵای ڕێژیم، بەهۆی کەموکۆڕی لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان و ڕەچاونەکردنی ڕەوتە یاساییەکان (تێنەگەیاندن لە تۆمەتی وەپاڵدراو سەبارەت بە حوکمی سێدارە لە ڕەوتی پێداچوونەوە) بەڵگەی فەرمیی دەرچوو لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران هەڵوەشایەوە و دۆسییەکە بۆ پێداچوونەوەی دووبارە ڕادەستی هەمان لق کرایەوە.
هەڵوەشانەوەی حوکمی وریشە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەز بە شێوەی فەرمی بە پارێزەری ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕاگەیەندراوە.
وریشە مورادی مانگی خەزەڵوەری ساڵی پێشوو لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە تاران بە سەرۆکایەتیی بەناو دادوەر ئەبولقاسم سەڵواتی ناسراو بە دادوەری مەرگ، بە تۆمەتی بەغی لە ڕێگەی ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
مورادی چالاکوانی سیاسیی خەڵکی شاری سنە لە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لە کاتی گەڕانەوەی لە کرماشانەوە بۆ سنە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا.
ئەم بەندکراوە سیاسییە دوای دەسبەسەرکرانی بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواستراوەتەوە و دوای دوو حەفتە لێکۆڵینەوە بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ لە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٢ دا بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە.
ئەم ژنە چالاکوانە دوای ٥ مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی لە ڕیکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢ بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە.