هێزە بەناو ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە چەند ڕۆژانی ڕابردوودا و لە ڕەوتی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان لە سەرانسەری کوردستاندا، ٩ هاونیشتمانییان لە مەهاباد دەسبەسەر کردووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ "کوردپا"، لە نیوەشەوی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤، "کارزان بەهمەنی"، خەڵکی گوندی "خوڕخوڕە"ی مەهاباد دوابەدوای هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆسەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا.
هەروەها کوردپا ڕایگەیاند کە سەرلەبەیانی چوارشەممە، سێ هاونیشتمانیی تر بە ناوەکانی "هەژار محەممەدزادە ئەقدەم" و "ئیمان محەممەدزادە" کە هەردوو خەڵکی گوندی "خوڕخوڕە"ن و "ئاکام شێخە" خەڵکی گوندی "قەرەقشلاق"ی مەهاباد، لە ماڵەکەی خۆیاندا و بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەسبەسەر کراون.
لە هەمان کاتدا هێزە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم، "سامان قوربانی" خەڵکی گوندی "یەڵتەمر"ی مەهابادیان بە توندوتیژییەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کردووە.
هەروەها سەرلەبەیانیی ١٧ی سەرماوەز، دوو هاونیشتمانیی خەڵکی "خەلیفان"ی مەهاباد، بە ناوەکانی "کازم ئازوردە" و "ناسر ئازەرەم" لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.
لەم پێوەندییەدا، نیوەشەوی یەکشەممە ١٦ی سەرماوەز، "محەممەد مستەفایی" هاونیشتمانیی ٢٤ ساڵەی خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و دەست بەسەرکەلوپەلەکانیدا گیرا.
کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٥ی سەرماوەریش ڕایگەیاندبو کە، "ئارام جەمشیدوون" هاونیشتمانیی خەڵکی گوندی "قەرەداغ"ی مەهاباد دوابەدوای هێرشی هێزەکانی ڕێژیم دەسبەسەر کراوە.
هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم، بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و بە توندوتیژی و ترساندنی بنەماڵەکەی، دەستیان بەسەر کەلوپەلە کەسییەکانیدا گرتووە.
تا ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم ٩ هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.