کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برینداربوونی لاوێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕیژیم

21:20 - 20 سەرماوەز 2725

لە درێژەی پێشێلکاریی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان، لاوێکی خەڵکی شاری پاوە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەسەختی بریندار بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەز ژیوار ڕەحمانی لاوی ١٧ ساڵەی خەڵکی پاوە بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم لە ماشینەکەی بەسەختی بریندار بووە و دۆخی جەستەیی ناوبراو زۆر خراپ ڕاگەیەندراوە.

هێزەکانی ڕێژیم، جێگیر لە بنکەی مەلاندەرە بە گومانی گواستنەوەی کاڵای قاچاخ تەقەیان لە ماشینی ئەم لاوە کردووە کە لە ئاکامی تەقەکردنەکەیان ژیوار ڕەحمانی بە هۆی بەرکەوتنی    ٦ گولـلە بە سەختی بریندار بووە.

هەروەها لە ڕەوتی ئەم تەقەکردنە سەرەڕۆیانە و دڕندانەی هێزەکانی ڕێژیمدا، ١٨ گولـلە بەر ماشینەکەی ژیوار کەوتووە.

ژیوار ڕەحمانی لەم ڕووداوەدا نێوقەد و ملی بریندار بووە و تووشی زیانی مرۆخەیی بووە.

ناوبراو بەهۆی سەختی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی تالقانی کرماشان کراوە ودۆخی تەندرووستیشی ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

هەنگاو دەستنیشانی کردووە کە پزیشکەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژانی داهاتوودا چەن نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت بەڵام نەشتەرگەرییەکان ڕیسکێکی زۆریان بەدواوەیە.