ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە نەوتهەڵگرێکی گواستنەوەی نەوتی خاوی پێوەندیدار بە تۆڕی گواستنەوەی نەوتی گەمارۆدراوی ئێران و ڤێنێزۆئێلای لە کەناراوەکانی ڤێنێزۆئێلادا ڕاگرتووە.
پێم باندی، دادستانی گشتیی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس وتی ئەم نەوتهەڵگرە ساڵانێک بووە کە گەمارۆی لەسەر بووە و لە تۆڕێکی نایاسایی گواستنەوەی نەوت کە لە پشتیوانی لە ڕێکخراوە تێرۆریستییە دەرەکییەکان دەکات، ڕۆڵی گێڕاوە.
کێش پەتێل، بەرپرسی ئێف بی ئای، ئەم هەوڵەی بە بەشێک لە هەوڵی بەردەوامی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ تێکدانی سەرچاوە داراییەکانی ئەو گرووپانە ڕاگەیاند کە بۆ واشنگتۆن گرینگن.
بە وتەی ناوبراو، بڕیاری ڕاگرتنی نەوتهەڵگرەکە بۆ ڕاگواستنی نەوتی گەمارۆدراوی نێوان ڤێنێزۆئێلا و ئێران کەڵکی لێ وەردەگیرا، لەلایەن ئێف بی ئای و کۆمپانیا ئەمنییەتییەکانەوە جێبەجێ کراوە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بە بێ ئاماژە بە وردەکارییەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە جەختی کردەوە و وتی: " ئێمە هەر ئێستا نەوتهەڵگرێکی زۆر گەورەمان لە کەناراوەکانی ڤێنێزۆئێلادا ڕاگرتووە."
ڤێنێزۆئێلا لە کاردانەوەدا، هەوڵەکەی ئەمریکای بە دزیی ئاشکرا لە کارائیپ ناو برد و ئەمەی بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان زانیوە.
پێشتر گرووپی بەڕێوەبەریی دەریایی "وێنگارد" ڕایگەیاندبوو کە نەوتهەڵگرە ڕاگیراوەکە ئەگەری هەیە "ئێسکپیر" بێت کە پێشتر بە ناوی "ئادیسا" چالاکیی دەکات و لەلایەن ئەمریکاوە بە هۆی دەستێوەردان لە بازرگانیی نەوتی ڕێژیمی ئێراندا گەمارۆی خرابوویە سەر.
ڕاگرتنی ئەم نەوتهەڵگرە کاریگەریی خێرای لەسەر بازاڕی جیهانیی نەوت هەبوو و نرخی نەوتی برێنت بە ٤١ سێنت بەرزبوونەوە گەیشتە ٦٢ دۆلار و ٣٥ سێنت.