کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی هەڵمەتی زاگرۆسانە لە مەریوان و جوانڕۆ

10:46 - 22 سەرماوەز 2725

لە درێژەی هەوڵە ژینگەپارێزییەکانی چالاکانی ژینگەیی و خەڵکی ژینگەدۆستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بە هاوکاریی گرووپە شاخەوانییەکان و کۆمەڵێکی بەرچاو لە خەڵکی ئەو شارە و ژینگەپارێزانی شاری جوانڕۆ لە دوو هەڵمەتی جیادا، هەڵمەتی زاگرۆسانەیان بەڕێوە برد.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢١ی سەرماوەز ١٤٠٤، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان هەڵمەتی زاگرۆسانەی بە بەشداریی کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە، ژنان، منداڵان، مامۆستایانی زانکۆ و قوتابخانە و خەڵکی ژینگەپارێزی ئەو دەڤەرە لە دارستانەکانی نێوان ئاواییەکانی "کاڵ" و "دەگاشێخان" بەڕێوە برد.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە بانگەوازێکدا داوای لە خەڵکی شاری مەریوان، ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە و ئاواییەکانی دەوروبەری کردبوو کە ڕۆژی هەینی لە هەڵمەتی زاگرۆسانەدا بەشداری بکەن و چین و توێژەکانی ئەو شارە پێشوازیی گەرم و بەربڵاویان لەو بانگەوازە کرد.

لە دەسپێکی ئەو هەڵمەتەدا چەندین کەس لە بەڕێوەبەرانی ئەو هەڵمەتە باسیان لە گرنگیی ئەو جۆرە هەڵمەتە ژینگەییانە کرد و پێداگرییان لەسەر پاراستن و خاوەندارەتی لە ژینگە، دارستان و لێڕوارەکان کرد.

دوای لێدوانی بەڕێوەبەرانی ئەو هەڵمەتە، بەشداربووان بە هەڵپەڕکێ وەک هێمای یەکگرتوویی و یەکدەنگی دەستیان بە بەڕێوەبردنی هەڵمەتی زاگرۆسانە کرد.

هەروەها لە هەڵمەتی ژینگەپارێزیی زاگرۆسانە، بەشداربووان بە پۆشینی جلی خاکی، هەوری و جامانە بەرەوپیری ئەو هەڵمەتەوە ڕۆیشتبوون.

لەو هەڵمەتە ژینگەپارێزییەدا، سەدان دەنکە بەڕوو و نەمامی بەڕوو چێندرا.

شایانی باسە کچان و ژنان لەو هەڵمەتەدا چالاکیی بەرچاویان هەبووە.  

هاوکات لە شاری "جوانڕۆ"ش هەڵمەتی زاگرۆسانە بە گڕوتینێکی زۆرەوە و بە بەشداریی کچان و ژنان و خەڵکی ژینگەوانی ئەو شارەوە بەڕێوە چوو.

 لەو هەڵمەتەدا، دکتور "مەحیەدین محەممەدخانی" مامۆستای زانکۆ و کەسایەتیی دیاری شاری جوانڕۆ و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشداریی چالاکانەی هەبووە.

دوکتور "مەحیەدین" لەو هەڵمەتەدا قسەی بۆ بەشداربووان کردووە و باسی لە پێویستیی بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکە ژینگەپارێزییانە کرد و خەڵکی ئەو شارە و گەنجانی هان داوە کە ساڵانە بە گڕوتینێکی زۆرترەوە بەشداری بکەن.