کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراندنی هێزی عێبری زمان؛ هەنگاوی نوێی ڕێژیمی ئێران بۆ پەرەدان بە شەڕ دژی ئیسرائیل

10:34 - 11 سەرماوەز 2725

دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی، دامەزراوەیەک کە ساڵانێکە لە بیروڕای گشتیی خەڵکی ئێراندا لەگەڵ قەیرانی ڕەوایی بەرەوڕوویە، لە نێوان پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و لە چوارچێوەی شەڕی پڕوپاگەندەییدا، دەستی داوەتە ڕێکلام‌کردن بۆ دامەزراندنی هێزی عێبری زمان.

ناوەندی میدیایی سەحاب، سەر بە جێگرایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی دەنگوڕەنگی ڕێژیم لە دەرەوە، لە نوێترین ڕیکلامدا بانگهێشتی وەرگێڕان، بێژەر و بەڕێوەبەرانی سۆشیاڵ میدیای شارەزا بە زمانی عێبریی کردووە.

ئەم کارە دوای ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی "پرێس تیڤیی عێبری" لە ٤ی خەزەڵوەردا دێت، کاناڵێک کە بڕیارە لە هەنگاوە سەرەتاییەکانیدا چالاکییەکانی خۆی لە سۆشیاڵ میدیادا چڕ بکاتەوە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ناکارامەیی درێژخایەن لە بواری دەنگوڕەنگی خۆی وەک یەکێک لە باسکە سەرەکییەکانی بەرەوپێشبردنی ئیدئۆلۆژییەکەی، بەدوای گواستنەوەی گێڕانەوە درۆیینەکانی خۆی بۆ دەرەوەی سنوورەکانە.

دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی بە هۆی بەستراوەیی تەواو بە ڕێژیم، سانسۆری بەرفراوان، سڕینەوەی بۆچوونە جیاوازەکان و بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی حکوومەتی، ساڵانێکە ڕەوایی خۆی لەنێو کۆمەڵگەدا لەدەست داوە و بە فەرمی بووەتە باسکی پروپاگەندەی ڕێژیم بۆ بڵاوکردنەوەی سیاسەتە شەڕخوازانەکان و دروستکردنی گرژییەکان.

شرۆڤەکاران پێیان وایە بەرفراوانکردنی چالاکییە عێبری زمانەکان لەگەڵ گەیاندنی زانیاریی ئازاددا ناگونجێت، بەڵکوو بەشێک لە ستراتێژیی ڕێژیم بۆ بەردەوامبوون لە ڕووبەڕوبوونەوەی ناوچەیی لەگەڵ ئیسرائیلە.