کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر لە بۆکان

12:46 - 22 سەرماوەز 2725

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوزەی ١٤٠٤، مامۆستا جەعفەر تەجویدی کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و مامۆستای بیرکاری لە قوتابخانەکانی بۆکان، پیرانشار و سەقز بە هۆی نەخۆشییەوە لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا جەعفەر هەم کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و هەم مامۆستایەکی جێگای ڕێزی قوتابییان و مامۆستایان و خەڵکی بۆکان بوو.

ناوبراو بە هۆی نیشتمانپەروەری لە ساڵەکانی دەیەی ٦۰ی هەتاویدا لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ ماوەی ٨ ساڵ بۆ شاری پیرانشار و بۆ ماوەیەکیش بۆ شاری سەقز دوور خرایەوە.

مامۆستا جەعفەر تەجویدی یەکێک لەو مامۆستایانە بوو کە هاندەر و پشتیوانی دامەزرانی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بوو و بە هەموو وزە و تواناوە یارمەتیدەری یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایان بوو.

مامۆستا جەعفەر یارمەتیدەری فێرگەکانی زمانی کوردی لە شاری بۆکان بووە.

تەرمی ناوبراو بە بەشداریی مامۆستایان و قوتابییەکانی و خەڵکی بۆکان لە گۆڕستانی ئەو شارە بە خاک سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.