ڕاوێژکاری پێشووی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ڕێژیم، بە ڕەخنەی توند لە ئەولەویەتەکانی بوودجەی کۆماری ئیسلامی، هۆشداری دا کە میلیاردها دۆلار خەرجی بەرنامەی مووشەکی دەکرێت لەکاتێکدا کە پیسبوونی کەشوهەوا هەڕەشەی جیددی لە ژیان و تەندروستیی خەڵک دەکات.
ئیسماعیل کەهرۆم ڕۆژی یەکشەممە ٩ی سەرماوەز بە ماڵپەری حکوومەتیی جەمارانی ڕاگەیاند: هەر مووشەکێک دوو میلیۆن دۆلاری تیدەچێت و بە پارەی دروستکردنی ١٠ مووشەک دەتوانرێت سووتەمەنی مازووتی ئێران ستاندارد بکرێت، بەڵام ئێمە ئەوە ناکەین چونکە ئەولەویەتەکان جیاوازن".
ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە سووتەمەنی مازووتی بەکارهێنراوی ئێران ٧ هێندەی ڕێژەی ستانداردی جیهانی گوگردی هەیە و کوالێتیی بەنزینیش زۆر نزمە.
ئەم قسانە لەکاتێکدان کە شارە گەورەکانی ئێران بەرەوڕووی قەیرانی قووڵی پیسبوونی هەوا بوونەتەوە و هەزاران کەس بە دەست کێشەی هەناسەدانەوە دەناڵێنن و قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن دادەخرێن، بەڵام ڕێژیم لە تەرخانکردنی میلیاردها دۆلار بۆ بەرنامە سەربازییەکانی بەردەوامە.
حەمید حوسێنی، وتەبێژی یەکیەتیی هەناردەکارانی نەوت، هەروەها هۆشداریی دا کە گازۆڵی ئێران ١٥٠٠ هێندەی ڕێژەی ستانداردی جیهانی ماددەی سۆلفۆری هەیە و بەشێکی زۆری ئوتۆمبیلە کۆنەکان بە تایبەت لە تاران، ڕێژەی پیسبوونی هەوایان زیاد کردووە.
کەهرۆم و کارناسانی بواری ژینگە جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەردەوامیی ئەم سیاسەتانە لێکەوتەی کارەساتباری بۆ تەندروستیی گشتی و بەردەوامیی سامانە سروشتییەکان دەبێت.
ئەم دۆخە نیشان دەدات کە ئەولەویەتە ڕاستەقینەکانی ڕێژیم، تەندروستی خەڵک نییە، بەڵکوو تەماحکاری نیزامی و بەرنامە مووشەکییەکانە و ژیانی خەڵکی کوردستان و ئێران قوربانیی ئەم سیاسەتەیە.