کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەگبەی شاخ و شۆڕش (شەهید عەلی دوستی)

09:56 - 23 سەرماوەز 2725

برایم چووکەڵی

شەهیدێکی غەریب، ئاوری دەپۆشی و خۆر لە خوێنیدا
بە شەودا خوێنی داگیرساند، لە ڕۆژگاری نهێنیدا


خەباتی بەرحەق و ڕەوای کورد بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و مافی نەتەوەییەکانی گەلی کورد بە خوێنی باشترین‌ و بە ئەمەگترین ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە گەیشتۆتە قۆناغی ئیستا. "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەمجارەی ڕۆژنامە ئاوڕ لە یاد و بیرەوەریی "عەلی دۆستی" لە هێزی شەهیدانی دیواندەرە دەداتەوە.

 عەلی دۆستی ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی هەژاری شاری دیواندەرە چاوی بە دنیای ڕوون کردەوە. پاش ئەوەی قۆناغی سەرەتایی خوێندنی بڕی، بەهۆی هەژاری ‌و دەستکورتیی بنەماڵەکەی وازی لە خوێندن هێنا و لەگەڵ باوکی ملی نایە کار و کاسبی. بۆیەشە هەر زۆر زوو لەگەڵ زۆڵم ‌و زۆری دەسەڵات و حکوومەتی پاشایەتی و چەوسانەوەی گەلەکەی ئاشنا بوو. هەر لەو ساتانەشەوە بیری ئازادیخوازی و خەبات بۆ سەربەستی و ڕزگاری چووە خوێن و بیری عەلیی تازەلاوەوە. بۆیەش هەموو دەرفەتێکی بۆ دژایەتی لەگەڵ ڕێژیم ‌و لەقاودانی جینایەتەکانی پاشایەتی‌و ڕوونکردنەوەی خەڵک ‌و شیکردنەوەی دەردو ژانەکانی کۆمەڵی کوردەواری دەقۆستەوە، هەر لەو سۆنگەیەش ڕێژیم ساڵی ١٣٥٤ عەلیی لە گەڵ دەستەیەکی دیکە لە شۆڕشگێڕان گرت و ڕەوانەی بەندیخانەی کردن.

شەهید عەلی دۆستی لە دادگایەگی ڕواڵەتی ڕێژیمی پاشایەتیدا بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکوم کرا. ١٥ ساڵ زیندان بە تاوانی ڕووناکبیری و لەپێناو ئازادی ‌و ڕزگاری گەلەکەیدا. عەلی ماوەی دوو ساڵ لە ماوە زیندانییەکەی کێشابوو کە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بۆ پسانی زنجیری سەرەڕۆیی ‌و دیکتاتۆری دەستی پێ‌کرد. شەهید عەلی دۆستی لە پاییزی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بە هاوکاریی ٢٢ کەس لە هاوبەندییەکانی پەلاماری شۆڕشگێڕانەی بۆ سەر جبەخانەی بەندیخانەی شاری سنە دەست پێ کرد و لە ماوەیەکی کورتدا دەرگای جبەخانەیان شکاند و دەستیان بە چەک ڕاگەیشت‌ و دەسبەجێ هێرشیان کردە سەر نگهبانەکانانی زیندان و چەکیان کردن ‌و توانییان دەرگای زیندان بشکێنن ‌و هاوکات ٧٠٠ کەس لە بەندییەکان لە ڕزگار بکەن.

 عەلی دۆستی پاش ئەنجامی ئەو کردەوە شۆڕشگێرانەیە گەڕایەوە دیواندەرە‌و بۆ ماوەیەک لە گوندەکانی دەورووبەر ژیانی تێپەر کرد و پاش سەرکەوتنی یەکجاریی شۆڕش، بەڵام لەگەڵ هێرشی ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی کوردستان، شەهید عەلی دۆستی وەک لاوێکی شۆڕشگێڕ و بەهەست هاتە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتەوە و قۆڵی خەباتی لە دژی دوژمنی گەلی کورد هەڵماڵی. شەهید عەلی هەر لە مانگەکانی یەکەمی پێشمەرگایەتییدا لە شەڕەکانی سەر ڕێگای دیواندەرە- سنە، دیواندەرە-سەقز، زەڕینە، حاجی سەید‌ و نێوشاری دیواندەرە‌دا قارەمانەتیی نواند و ناوبانگ و ئازایەتییەکەی کەوتە سەر زاری خەڵک و هەموو هاوسەنگەرانی و بەمجۆرە بە فەرماندەری لکی پێشمەرگەکانی شەهید "ڕئۆف خزرئەلیاسی" دیاری کرا. شەهید عەلی دۆستی لەو پلە و بەرپرسایەتییەدا توانی کارامەیی ‌و لێهاتوویی ‌و لێوەشاوەیی خۆی پتر بسەلمێنێ ‌و چەندین عەمەلیاتی قارەمانانەی دیکەش بە سەرکەوتوویی ڕاپەڕێنێ.

لە سەرەتای بەهاری ساڵی ١٣٦٠ی هەتاویدا حیزبی دیموکراتی کوردستان مەئمورییەتێکی بە شەهید عەلی دۆستی ‌و ١٧ کەس لە هاوسەنگەرانی دا بچنە ناوچەی بیجار. ئەو تیمەی حیزب چەند ڕۆژێک بوو لەو ناوچەیە مابوونەوە کە دوژمن بە بوونیان دەزانێ. ئیدی ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوە لە شارەکانی تیکاب، دیواندەرە‌ و بیجارەوە، هێزێکی زۆر وەسەر عەلی قارەمان لە گەڵ ١٧ هاوسەنگەرەکەی لە گوندی "سەڵوات‌ئاوا"ی بیجار دەگێڕن. دوژمن بەتەواوی دەوری ١٨ ڕۆڵەی کۆڵنەدەری دێموکراتی تەنیبوو و خستبوونیە گەمارۆی توندی خۆیەوە. ڕۆڵە خۆڕاگرەکانی دێموکرات یان دەبوو تەسلیم بن، یان خوێنیان بڕژێ ‌و دەرسی  فیداکاری ‌و کۆڵنەدانیان بۆ هاوسەنگەرانیان بە میرات بە جێ‌بێڵن. بەمجۆرە بو کە شەهید عەلی دەستووری هێرش بۆسەر دوژمن و شکاندنی گەمارۆی هێزی کۆنەپەرەستی و شەڕی دەست‌ویەخەی دا. شەڕیکی قورس و خوێناوی لە ئارادا بوو. لە هەر لایەک دوژمن پەلاماری دەهێنا قارەمانانی دیموکرات لە سەنگەری ئازادیدا هەڵیان دەکوتا سەر دوژمن و کەلاکیان لێ دەخستن. دوژمنی بە هەموو شێوەیەک ئاور و ئاسنی بە سەر پێشمەرگەکان‌دا دەباراند.

پاش ٨ سەعات شەڕ و خۆڕاگری، نەبەردی و حماسەخوڵقینی عەلی دۆستی و ١٧ هاوەسەنگەرەکەی بە ناوەکانی عەباس ئەحمەدی، محەممەدساڵح سەنعەتی، ئەمجەد غەفاری، عارف کاکەخانی، نێعمەت مرادی، محەممەد‌کەریم تەدخیز، ڕەحمان باباخانی، عەلی خالیدیان، سەعید فەتحوڵاهی، جەمشید باوەیسی، مەنسوور باوەیسی، محەممەد گلەیی، مەحموود مرادی، حەبیبوڵڵا فەلاحی، عەبدوڵڵا محەممەدی، محەممەد ڕەشید سادقی و محەممەد ڕەعنایی هەتا دوا فیشەک شەڕیان کرد و تەرمی شەڵاڵی خوێنیان کەوتە سەر عەرز.

بە شەهیدبوونی ١٨ ڕۆڵەی دیموکرات خەڵکی کوردستان بەگشتی ‌و ناوچەی دیواندەرە بەتایبەتی تازیەدار بوون‌ و تەمی خەم دایگرتن. بەڵام زەبری پەیتا پەیتای ‌هێزی پێشمەرگەی دێموکرات لە پەیکەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بزەی خستەوە سەرلێوی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان ‌و هەموو بە پێکەنینەوە بە یەکتریان دەگوت ڕیگای شەهید عەلی دۆستی ‌و هاوڕێکانی درێژەیان هەیە.