کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانبوونی نرخی بێنزین پەرەی بە نیگەرانییەکانی ڕێژیم داوە

10:32 - 23 سەرماوەز 2725

دوابەدوای گرانبوونی نرخی بێنزین، نیگەرانییەکانی ڕێژیم لەمەڕ دەسپێکردنەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک پەرەی سەندووە.

بەپێی زانیارییەکان لە شارەکانی کوردستان لەوانە بانە و سەقز، ڕێژیم لە ترسی سەرهەڵدانی دووبارەی خەڵک و ناڕەزایەتیدەربڕین بە گرانبوونەوەی نرخی بێنزین، هەندێ رێوشوێنی تایبەتی لەبەر گرتووە.

بە وتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە شارە سنوورییەکان جێگیر کراون و هاوکات بڕیای نەدانی مورەخەسی بە هێزە ئینتیزامی و ئەمنییەتییەکان دراوە.

دەوترێ هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵانەی ڕێژیم، خێرایی ئینتێرنێتیش لە هەندێک لە شارەکان دابەزیوە.

لە خەزەڵوەری ١٣٩٨دا و هاوکات لەگەڵ گرانبوونی نرخی بێنزین، ناڕەزایەتییەکی سەرتاسەری لە ئێرانا دەستی پێ کرد و خەڵک لە دروشمەکانیان بە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تەواویەتی ڕێژیمەکەیان بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ کردە ئامانج.

ئەم ناڕەزایەتییانە پچڕاندنی هێڵەکانی ئینتێرنێت و سەرکوتی بەربڵاوی خەڵکیان بەدواوە بوو و بە پێی زانیارییەکان زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لەم شەپۆلە لە ناڕەزایەتییەکاندا بەدەستی ‌هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم شەهید کران و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.

گرانبوونی نرخی بێنزین لە دۆخی ئابووری ئێستادا، نیشاندەریی ناکارامەیی ڕێژیم لە بەڕێوەبەریی سەرچاوەکانە و ئەم بڕیارە ئەتوانێ شەپۆلێک لە گرانیی کاڵا سەرەکییەکانی بەدواوە بێت.