کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی کەسی دووەمی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە

11:41 - 23 سەرماوەز 2725

ئیسرائیل لە بایاننامەیەکدا ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ ڕایگەیاندووە کە لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر غەززە و بە ناردنی چوار مووشەک، ڕاعد سەعد یەکێک لە فەرماندە پلەبەرزەکانی گوردانی ئەلقەسام و یەکێک لە دارێژەرانی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبری کردووەتە ئامانج.

بەرپرسێکی ئیسرائیل وتوویەتی کە ڕائد سەعدی فەرماندەی هێزی بەرهەمهێنانی چەکوچۆڵەکانی حەماس بووە.

هەندێک لە سەرچاوە نزیکەکان لە حەماسیش وتوویانە کە ناوبراو جێگری فەرماندەی یەکێک لە لقە نیزامییەکانی ئەم گرووپە دوای عێزەدین حەدادە.

بەپێی بەیاننامەکەی ئیسرائیل، ئەرتشی ئەم وڵاتە لە چەند حەوتووی پێشوودا دوو ئۆپەراسیۆنی بۆ لێدانی ناوبراو ڕێک خستبوو کە لە ساتەکانی کۆتاییدا هەڵوەشاوەتەوە.

حەماس تا ئێستاش کوژرانی سەعدی پشتڕاست نەکردووەتەوە بەڵام ڕایگەیاندووە کە لەم هێرشەدا چوار کەس کوژراون و لانیکەم ٢٥ کەسیش بریندار بوون.

لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی ڕاعد سەعد لەلایەن حەماسەوە، ناوبراو یەکێک لە سەرەکیترین کەسانی ئەم گرووپە دەبێ کە دوای ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراوە.