کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەقز؛ دۆسییەسازیی نوێ دژی سێ چالاکی سێنفیی مامۆستایان

18:35 - 23 سەرماوەز 2725

لە درێژەی سیاسەتی سەرکوتی سیستماتیکی چالاکانی سێنفیی مامۆستایان لە کوردستان، ناوەندە بەناو ئەمنییەتی و دادوەرییەکانی ڕێژیم لە شاری سەقز، دەستیان بە کردنەوەی دۆسییەی نوێ دژی سێ ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایان بە ناوەکانی "تاهیر قادرزادە"، "ئەحمەد قادری" و "سلێمان عەبدی" کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپا، لە ناوەڕاستەکانی سەرماوەزی ١٤٠١دا، ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سەقز ئەم چالاکانەی بانگ کردوون و لێپرسینەوەی لێ کردوون و هاوکات، دادگای گشتی و ئینقلابی سەقز لەسەر سکاڵای دادستانی، دۆسییەیەکی بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشتی گشتی" دژی ئەو چالاکانە کردووەتەوە.

ئەم دۆسییانە ئێستا لە قۆناغی لێپرسینەوەدان و چالاکە سینفییەکان چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە دۆسییەکانن؛ لە دۆسییەی تاهیر قادرزادەدا، تاکوو ئێستا بڕیاری ڕاگرتنی سزاکەی نەدراوە و بەدواداچوونی دادوەری بۆ ناوبراو درێژەی هەیە.

ئەم سێ چالاکە سێنفییە لە سیما ناسراوەکانی مامۆستایانی سەقزن و ساڵانێکە لە چوارچێوەی چالاکییە مەدەنییەکان بۆ جێگیرکردنی داواکارییەکانی وەک دادپەروەریی پەروەردەیی و فێرکاریی زمانی دایکی هەوڵیان داوە.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە پرۆسەی دۆسییەسازییەکان دژی ئەم چالاکانە چەند مانگ پێش دەستی پێ کردووە و هەر سێ کەس پێشتریش چەندین جار لەلایەن ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانەوە بانگ کراون و کەوتوونەتە ژێر گوشاری لێپرسینەوەوە.

پێشینەی سەرکوتکارییەکان دژی ئەم سێ چالاکە نیشاندەری ڕەوتێکی سیستماتیک و ڕێکخراوە؛ سلێمان عەبدی، تاهیر قادرزادە و ئەحمەد قادری لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ دۆسییەسازیی جۆراوجۆر، دەسبەسەرکرانی کاتی، دەرکردنی بڕیاری بەندکران و قامچی و هەروەها سزای ئیداری لەوانە خانەنشینکرانی زۆرەملێ و کەمکردنەوەی گرووپی کاری بەرەوڕوو بوونەتەوە.

بەپێی بەڵگە بڵاوکراوەکان لەلایەن کوردپاوە، ئەم هەوڵانە نە بە مەبەستی چارەسەرکردنی داواکارییە سێنفییەکان، بەڵکوو بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکان، سڕینەوەی هێزە ڕەخنەکرەکان و کۆنتڕۆڵی کەشی پەرەوەردەییە.