کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵمەتی زاگرۆسانەی بەڕێوە برد

18:40 - 23 سەرماوەز 2725

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەز، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاوهەنگاو لەگەڵ ژینگەپارێزانی ناوخۆی کوردستان، لە بەرزاییەکانی دەوروبەری شاری کۆیە، هەڵمەتی زاگرۆسانەی بەڕێوە برد.

هەڵمەتەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ژینگەی کوردستان دەستی پێ کرد، پاشان بانە عەزیزی، جێگری سکرتێری یەکیەتیی لاوان و هەروەها بەڕێوەبەری هەڵمەتەکە، پەیامی یەکیەتیی لاوانی پێشکەش کرد کە تێیدا باس لە ئامانجەکانی زاگرۆسانە کرابوو.

لە پەیامەکەدا هاتبوو: "بە ئاگاداریی لاوان و خەڵکی کوردستان ڕادەگەیەنین کە ئێمە وەک یەکیەتیی لاوان، هاودەنگ و هاوهەڵوێست لەگەڵ لاوان و ژینگەپارێزانی ناوخۆی کوردستان، ئەمساڵ بە چاندنی دەنکە بەڕوو، لە بووژاندنەوەی دارستانەکانی کوردستان بەشدار دەبین."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو:

ئێمە وەک یەکیەتیی لاوانی، بە هەست بە بەرپرسیارێتیکردن لەهەمبەر، خاک و نیشتمان و زێدمان، هەروەها بۆ پەرەپێدان بە هەستی نیشتمانخۆشەویستی، داوا لە هەموو لاوانی کوردستان دەکەین کە بەرەوپیری زاگرۆسانەوە بچن و ژینگەپارێزی وەک یەکێک لە کۆڵەکەکانی پاراستنی نیشتمانە جوانەکەمان ببینن."

پاشان ڕزگار ئەمینی، ئەندامی دەستەی ئیجرایی یەکیەتیی لاوان، شێوەی دروستی چاندنی دەنکە بەڕووی فێری بەشداران کرد و هەڵمەتەکە دەستی پێ کرد.

لەم هەڵمەتە ژینگەپارێزییەدا، بەشێک لە ئەندامانی بەڕێوەبەری و جیگری بەڕێوەبەری و هەروەها ئەندامانی یەکیەتیی لاوان، بە سەدان دەنکە بەڕوویان چاند.