کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبوڵڵا بەبێ پاڵپشتیی ڕێژیم چەک دانانێت

18:42 - 23 سەرماوەز 2725

لەحاڵێکدا کە گوشارە نێوخۆیی و نێونەتەوەییەکان بۆ چەککردنی گرووپە چەکدارەکان لە لوبنان زۆرتر بووە، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان جارێکی دیکە هەر چەشنە چەککردنێکی ئەم گرووپەی ڕەت کردەوە.

نەعیم قاسم ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەز ڕایگەیاندووە کە بەهیچ شێوەیەک چەک دانانێن و گوشارەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ ناچارکردنی بەرپرسانی لوبنان بۆ چەکدانانی ئەم گرووپەی بێ ئاکام زانیوە.

ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە حیزبوڵڵا تەنانەت لە ئەگەری هاوپەیمانیی تەواوی جیهان دژی لوبنانیش، لە خواستەکانی ناکشێتەوە.

قاسم لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا باسی لە ئامادەیی حیزبوڵڵا بۆ هاوکاریی بەرگریکردنی ئەرتەشی لوبنان کرد، بەڵام هاوکات جەختی کردەوە کە ئەم هاوکارییە نابێت هیچ جۆرە ڕێککەوتنێکی تیدا بێت کە ببێتە هۆی خۆبەدەستەوەدان لە بەرانبەر ئیسرائیل و ئامریکادا.

ئەم قسانە لە دۆخێکدا وتراوە کە پێشترشاندێک لە بەرپرسە ئامریکاییەکان لەوانە تام باراک نێردراوی تایبەتی ئامریکا بۆ لوبنان، لە دیدارێک لەگەل بەرپرسانی لوبنان، ڕێژیمی ئێرانیان بە هۆکاری بەربەستی سەرەکی لە ڕەوتی چەککردنی حیزبوڵڵادا زانیبوو.

بە وتەی ئەم شاندە حیزبوڵڵا بەبێ پەسەندکردن و پاڵپشتیی ڕێژیم ناتوانێت چەک دابنێت.

لەم ڕاستایەدا یووسف ڕەجی وەزیری دەرەوەی لوبنان چەککردنی حیزبوڵڵای بە پێویستییەکی نەتەوەیی زانیوە وهوشداریی داوە کە بەردەوامیی چەکداربوونی ئەم گرووپە، لوبنان لە دۆخێکی ناجێگیری بەردەوامدا دەهێلێتەوە.

حکوومەتی لوبنان شانزدەی گەلاوێژ شتە گشتییەکانی پلانی ئامریکا بۆ چەککردنی گرووپە چەکدارەکانی پەسەند کردووە، بەڵام حیزبوڵڵا قەبووڵی نەکردووە.

هاوکات ئاکامەکانی ڕاپڕسیی دامەزراوەی گاڵۆپ نیشانیان داوە کە زۆرینەی خەڵکی لوبنان خوازیاری ئەوەن کە چەک تەنیا لەدەستی ئەرتەشدا بمێنێتەوە، ڕاستییەک کە نیشاندەری درزێکی گەورە لە نێوان خەڵکی لوبنان و گرووپەکانە کە تەنیا بە پاڵپشتیی ڕێژیمی ئێران لە دەرەوەی چوارچێوەی حکوومەت و یاسادا درێژە بە چالاکییە نیزامییەکانیان دەدەن.