کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاوە بەهرامی: بوونی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی شوێندانەری کوردستانی، پێویستییەکی هەنووکەییە

19:00 - 23 سەرماوەز 2725

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤، مەڵبەندی ٣ی کوردستان سێمینارێکی بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان بۆ بەڕێز کاک "کاوە بەهرامی" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزب و بەرپرسی ناوەندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە بەشداریی کۆمەڵێک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزب، کادر، پێشمەرگە و بنەماڵەی پێشمەرگەکان بەڕێوە برد.

سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر لەلایەن پێشکەشکاری سێمینارەکە "بوداغ بوداغیـ"ـیەوە تەوەری سەرەکیی سێمینارەکە و پێشەکییەک باس کرا.

کاک کاوە بەهرامی لە سەرەتای وتەکانیدا پیرۆزبایی ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستانی لە سەرجەم کادر و پێشمەرگەکانی کوردستان، ئەندامانی حیزب و هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کرد.

ناوبراو دواتر کورتە مێژوویەکی لەسەر دابەشبوونی کورد بەسەر دوو بەشی عوسمانی و سەفەوی، دابەشبوونی کوردستان بەسەر چوار وڵات و داگیرکردنی خاکی کوردستان، لەبەرچاونەگرتنی بەرژەوەندیی کورد لەو دابەشکارییانەدا و  جووڵانەوە و شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستان و ڕۆڵی هێزی چەکداری کوردی هەتا پێش کۆماری کوردستان کرد.

بەڕێز "بەهرامی"  ئاماژەی بەوە دا کە هۆی سەرنەکەوتن و بەردەوامنەبوونی ئەو جووڵانەوانە نەبوونی هێزێک وەک هێزی پێشمەرگەی سەردەمی کۆماری کوردستان و نەبوونی حیزبی مۆدیڕن بووە.

دواتر بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئاماژەی بە پێناسەی نەتەوە و ئاڵا وەک هێمایی نەتەوەیی و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە دوای ڕووخانی دوایین پاشماوەکانی ڕێژیمی پاشایەتی لە مەهاباد و ڕۆڵ و گرنگیی ئاڵا وەک هێمای نەتەوەیی کرد.

ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات باسی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک داهێنەر و دامەزرێنەری هێزی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان کرد کە پتر لە ٨ دەیەیە لە خەباتی نەتەوایەیی بەردەوامە و خەبات بۆ بەرزڕاگرتنی ئاڵای کوردستان دەکات و ڕایگەیاند: "هێزی پێشمەرگە بەبێ وچان و دابڕان ئەو ئەرکە نەتەوەییەی  ٨٠ ساڵە گرتووتە ئەستۆ و هەتا ئیستاش لە قوربانیدان و تێکۆشانی بەردەوامە".

بەڕێز کاوە بەهرامی هەروەها ئاماژەی بە خەباتی پارچەکانی دیکەی کوردستان و ڕۆڵ و گرنگیی هێزی پێـشمەرگە لە پارچەکانی دیکەدا کرد و ماندووبوون و خەباتی پێشمەرگەی پارچەکانی دیکەشی بەرز نرخاند.

لە بەشێکی دیکەدا کاک کاوە تەوەری سێمینارەکەی بۆ دەسکەوتەکانی هێزی پێشمەرگە لە کۆماری کوردستان لەژێر ناوی سپای میللی هەتا بزووتنەوەی ٤٦ـــ ٤٧، لە ڕەوتی شۆڕشی گەلانی ئێران، لە سەردەمی هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، شەڕی سێ مانگە و لە کاتی ڕاگەیاندنی ڕاسانی ڕۆژهەڵات تەرخان کرد.

بەڕێز "بەهرامی" دواتر ئاماژەی بەوە دا کە ئەوەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نزیک بە ٥ دەیە لە دەسەڵاتداریی دیکتاتۆرانەیدا هەموو کات هەوڵی مێلیتاریزەکردنی کوردستانی داوە و ڕۆژبەڕۆژ چەکوچۆڵ دەنێرێتە کوردستان، نیشانەی ترس لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و جێگە و پێگەی بەهێزیەتی.

 بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێداگریی لەسەر گرنگیی یەکگرتوویی کورد و هێزە کوردستانییەکان کرد و وتی: "بوونی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی شوێندانەری کوردستانی پێویستییەکی هەنووکەییە".

هەروەها ناوبراو باسی لەوە کرد کە گۆڕانکاریی گەورە لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە ئارادایە و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیاسیترین بەشی هەر چوار پارچەکەیە.

کاک کاوە لە بەشێکی دیکەدا ڕایگەیاند کە شەڕی ١٢ ڕۆژە، لاوازیی جێگە و پێگەی ڕێژیم، شەڕی غەززە و لەنێوچوونی دەستوپێوەندییەکانی لە ناوچەکە، دەرخەری لەنێوچوون و ڕووخانی دەسەڵاتێکی ئاژاوەگێڕ و دیکتاتۆر و هەموو نائارامییەکانی ناوچەکە یانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە.

لە کۆتاییدا ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسی لەوە کرد کە دەبێت وەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان خۆمان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بکەین.

دواتر هەرکام لە بەشداربووان ڕاوبۆچوون، ڕەخنە، تێبینی، سەرنج و پرسیارەکانیان ئاراستەی بەڕێز کاوە بەهرامی کرد و لەلایەن ناوبراوەوە وڵام درانەوە.