کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژ لەگەڵ دکتۆر فەراز فیرووزی دووبارە بیرکردنەوە لە چەمکی «مافی مرۆڤ» لە چوارچێوەی فرەنەتەوەیی ئێراندا/ بەشی دووەم

09:51 - 24 سەرماوەز 2725

 

وتووێژ: حەسەن شێخانی  

ئاماژە: لە بەشی یەکەمی ئەم وتووێژەدا ڕوون کرایەوە کە داننەنان بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە تەنیا هەڵوێستێکی نەرێنی نەبووە، بەڵکوو بە شێوەیەکی ئەرێنی و لە ڕێگەی توندوتیژیی پێکهاتەیی (ساختاری) و پێشێلکردنی بەردەوامی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ لە کوردستان جێبەجێ کراوە. هەروەها باس کرا کە سەرەڕای قبووڵکردنی گشتیی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکان بە خستنەڕووی چەمکەکانی وەک «ئێرانی دێموکراتیک» و «هاووڵاتییانی یەکسان، بەبێ ڕەچاوکردنی شوناسە جۆراوجۆرەکان»، بەکردەوە دەبنە هۆی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی شێوازی تواندنەوەی شوناس؛ ئەو شێوازەی کە تێیدا ڕەهەندی بەکۆمەڵی مافی دیاریکردنی چارەنووس پشتگوێ دەخرێت.

لەم بەشەدا، سنووردارکردن و کورتکردنەوەی مافەکانی مرۆڤ بۆ ڕەهەندی تەنیا تاکەکەسی زیاتر شیکاری بۆ دەکرێت و جەخت لەسەر پێویستیی دووبارە بیرکردنەوە لە چەمکی مافەکانی مرۆڤ دەکرێتەوە.  

 

 ئایا دەتوانرێت ئەم ڕێبازە وەک بەردەوامیی "ئایدیۆلۆژیای نەتەوەی یەکگرتووی ئێران" دابنرێت، کە ڕیشەی لە پڕۆژەی نەتەوەسازیی سەدەی بیستەمدایە؟

  سەرەڕای جیاوازییە ئایدیۆلۆژییەکان لەنێوان دۆکتۆرینی سیاسی و سیستەمی حوکمڕانیی شیعیدا لەگەڵ سیستەمی سیاسیی پێشوو، «نەتەوەی یەکگرتووی ئێران» بە جۆرێک لە جۆرەکان و لە چوارچێوەی ئایینیدا بەردەوام بووە. شوێنەوارە یاساییەکانی ئەم نەتەوەخوازییە، نەناسین و تەنانەت نکۆڵیکردنە لە ڕاستییە سیاسی و مێژووییەکان و لە سەروویانەوە داواکارییە سیاسییەکانی گەل/نەتەوەی کورد سەبارەت بە مافە بنەڕەتییەکانیان، لەوانە مافی دیاریکردنی چارەنووس. ئەم پرسە، وەک لە وەڵامەکانی پێشوودا ئاماژەی پێکرا، بە شێوەیەکی دیار لە پڕۆژەیاسای حکوومەتی ئێران لە مەسەلەی ڕای ڕاوێژکاریی دیوانی نێودەوڵەتیدا ڕەنگی داوەتەوە؛ لەوێدا کە ئێران، بە پێچەوانەی بۆچوونی یاسایی زۆرێک لە دەوڵەتان، سەروەریی خاکی وەک یاسایەکی جێگیر لە یاسای نێودەوڵەتیدا داناوە و مافی دیاریکردنی چارەنووس کە بە ڕوونی لە میساقەکانی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە، تەنیا لە مافە کولتووری - ئایینییەکانی کەمینەکاندا کورت دەکاتەوە.

ئەم پڕۆژە دەستکردەی نەتەوەسازی، شوێنەوارە کردەیییەکانی لە یاسای دابەشکردنی وڵاتیشدا ڕەنگی داوەتەوە. بۆ نموونە، لە یاسای دابەشکردنی وڵات لە ساڵی ١٣١٦، بەبێ گوێدانە پەیوەندییە نەتەوەیی و زمانی و مێژووییەکان، دابەشکردنی پارێزگاکان بەبێ ناو و تەنیا بە شێوەی ژمارەپێدان ئەنجام درا و سەرجەم وڵات دابەش کرا بۆ دە پارێزگا لە ژمارە ١ تا ١٠. لەم دابەشکارییەدا، خۆی، مەهاباد، ورمێ، مەراغە و بیجاڕ لە پارێزگای ژمارە ٤ و ئیلام، کرماشان، سنە، مەلایەر و هەمەدان لە پارێزگای ژمارە ٥ دانرابوون.

ئەم گوێنەدانە بە پەیوەندییە نەتەوەیی و زمانی و مێژووییەکان دوای شۆڕشی ٥٧ـیش بەردەوام بوو و لە یەکەم یاسای دابەشکردنی کارگێڕیی وڵاتی کۆماری ئیسلامیدا توندتر بووەوە. بەپێی ماددەی ١٠ی ئەم یاسایە، بنەمای دابەشکردنەکە هاوبەشییە نەتەوەیی و زمانی و مێژووییەکان نییە، بەڵکوو «نزیکیی ناوچەکان»ە بە یەکتر؛ بەو مانایەی کە هەر بەشێک بە نزیکترین ناوەندی شارستان و هەر شارستانێک بە نزیکترین ناوەندی پارێزگا لکێنراوە. لەسەر ئەم بنەمایە، ناونیشانی یاسایی «کوردستان» تەنیا بۆ «پارێزگای کوردستان» کورت کراوەتەوە و زاراوەی «شارە کوردنشینەکان» بە مەبەست لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بەکارهێنراوە. بەکارهێنانی دەستەواژەی «شارە کوردنشینەکان» لە ڕاستیدا جۆرێکە لە سیاسەتی جیاکردنەوەی گەل/نەتەوەی کورد لە خاکی مێژوویی خۆیان.  

 

چۆن دەتوانرێت لە ئێرانێکی فرەنەتەوەدا هاوسەنگی لەنێوان مافەکانی مرۆڤی جیهانی و مافە نەتەوەییەکانی گەلانی ژێردەستەدا بپارێزرێت و بۆ چەسپاندنی ئەم هاوسەنگییە پێویستە مافەکانی مرۆڤ چۆن پێناسە بکرێنەوە؟

  جارێکی دیکە ناچارم ئێوە بۆ وەڵامەکانی پێشوو بگەڕێنمەوە. ئەوەی لە چوارچێوەی سیاسی - یاسایی ئێراندا دەبینرێت، ڕەهاکردن و یەک ڕەنگکردنی چەمکی گەل/نەتەوەیە؛ چەمکێک کە بە تێکەڵەیەک لە ئایینی شیعە و زمانی فارسی لە یاسای بنەڕەتیی ئێستادا جێگیر کراوە. لە دەرەوەی ئەم تێکەڵە شیعە - فارسییە، ئەوانی دیکە وەک گەل/نەتەوەیەکی سەربەخۆ ناناسرێن.

بۆ سەلماندنی ئەم بانگەشەیە دەتوانرێت پشت بە ئەسڵی ١٩ی یاسای بنەڕەتی ببەسترێت کە سیستەمێکی هیرارکی دەسەپێنێت کە نەتەوەی شیعە - فارس‌ لە سەروو و نەتەوەکانی دیکە لە پێگەیەکی ژێردەستدا دەنێت و بە «قەوم» و «عەشیرەت» ناویان دەهێنێت. بەکارهێنانی بەمەبەستیی ئەم وشانە بە باشی دەربڕی نەناسینی یاسایی گەل/نەتەوەکانی دیکەیە. خاڵێكی گرنگ ئەوەیە کە سەرەڕای ناکۆکییە فراوانەکانی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، زۆربەیان لە مانیفێستە سیاسییەکانی خۆیاندا هەر هەمان وشەکانی «قەوم» و «عەشیرەت» بەکاردەهێنن.

لە ئەدەبیاتی یاسایی فارسیشدا، بە ئاگایی یان بێ ئاگایی، «هاووڵاتیبوون» (Nationality) و گرێدراویی نەتەوەیی (تعلق ملی) کەسێک وەک یەک دانراون؛ لە کاتێکدا کەسەکە لە ڕووی گرێدراویی نەتەوەییەوە ڕەنگە ئەندامی نەتەوەیەک بێت – بۆ نموونە نەتەوەی کورد، بەڵام بەهۆی دۆخی یاسایی ئێستاوە هاووڵاتی ئێرانی بێت. ئەم جیاکارییە نابێت و ناتوانێت بە بەڵگەیەک بۆ نکۆڵیکردن لە شوناسی نەتەوەیی جیاوازی ئەو هەژمار بکرێت. ئەم لێک جیاکردنەوە یاساییە لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە؛ بۆ نموونە لە ماددەی ٢ی کۆنوانسیۆنی ئورووپیی هاووڵاتیبووندا، ئەم جیاوازییە بە وردی ڕەچاو کراوە.

لەسەر بنەمای ئەم سەرنجانە، هاوسەنگی لەنێوان پێداویستییە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی گەل/نەتەوەکاندا ئەو کاتە دەستەبەر دەبێت کە هەموو ڕەهەندەکانی مافەکانی مرۆڤ، لەوانە گەل/نەتەوەبوون و شوێنەوارە یاساییەکانی وەک مافی دیاریکردنی چارەنووس، بەفەرمی بناسرێن. «ڕێگەدان بە شتێک، ڕێگەدانە بە پێداویستییەکانی»؛ ناتوانرێت بانگەشەی قبووڵکردنی مافەکانی مرۆڤ بکرێت، بەڵام مافی دیاریکردنی چارەنووس لە ڕەهەندی بەکۆمەڵیدا لە بازنەی ئەم مافانە دەربهێندرێت.

لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی داهاتوودا پێویستە لە بەکارهێنانی زاراوەکانی وەک هاووڵاتیبوون، گەل/نەتەوە و چەمکە هاوشێوەکاندا وریا بین و ئەم زاراوانە بەپێی نۆڕمی یاسایی جێگیربوو لە یاسای نێودەوڵەتی و یاسای بنەڕەتیی وڵاتانی دێموکراتیکدا بۆ زمانی فارسی و کوردیدا وەرگێڕدرێن و ستاندارد بکرێن.  

 

 بە بۆچوونی ئێوە چ جۆرە گوتارێک یان پڕۆژەیەکی سیاسی دەتوانێت لە هەمان کاتدا وەڵامی پێشێلکاریی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ و جیاکاریی پێکهاتەیی (ساختاری) دژی نەتەوەکانی بندەست لە ئێراندا بداتەوە؟

  ئەزموونی مێژوویی ئێران ئەوە دەردەخات کە نەبوونی فرەیی، نەبوونی لێبوردەیی و قبووڵنەکردنی ئەوی دیکە - بە تایبەتی لە چوارچێوەی چەمکی گەل/نەتەوەدا - پڕۆسەیەکی بەردەوام و ڕیشەدارە. تا ئەو کاتەی کە سروشتگەرایی (ذات‌گرایی) زاڵ بەسەر چەمکە بنەڕەتییەکاندا پێداچوونەوەی پێدا نەکرێت و بنەما مەعریفییە نوێیەکان لەسەر بنەمای ناسینی «ئەوی دیکە» دروست نەبێت، قسەکردن لەسەر پڕۆژەیەکی سیاسیی گشتگیر زۆر ئەستەم دەبێت. ئەم ئەستەمییە ئەو کاتە زیاتر دەبێت کە سەرکردە سیاسییەکانی نەتەوەی سەردەست هێشتا ئامادە نین نەتەوەکانی دیکە بە فەرمی بناسن و تەنیا بە گێڕانەوەی خۆیان لە پێناسەی گەل/نەتەوە گرنگی دەدەن.

نموونەی واقیعی زۆر لەم بارەیەوە هەن، بەڵام بۆ ڕوونکردنەوەی وردتر دەتوانین ئاماژە بە پرسی دوورگەی ئەبوو مووسا بکەین. لەم حاڵەتەشدا، هەرگیز داواکاری و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی ئەم ناوچەیە یان ڕاستییە مێژووییەکانی ڕەچاو نەکراوە.  

بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکان، ئێران تا ساڵی ١٩٠٣ بە جۆرێک لە جۆرەکان لە سێ دوورگەکەدا، لەوانە ئەبوو مووسا - کە گەورەترین دوورگەی ئەم کۆمەڵەیە – حوکمڕانی کردووە.

لە ساڵی ١٩٠٣ ئەم دوورگانە لەلایەن بریتانیاوە داگیر کران. لە کاتی داگیرکردنەوە تا ساڵی ١٩٧١، ئەم دوورگانە لە ژێر حوکمی بنەماڵەی قەواسمیی حوکمڕانی شارجە و ڕاس ئەلخەیمەدا بوون و تەنیا ئاڵای شارجە تێیدا هەڵکرابوو.

لە ساڵی ١٩٧١، بە کشانەوەی بریتانیا و دامەزراندنی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئێران و دەوڵەتی تازەدامەزراوی ئیماراتدا، بە نێوەندگیریی بریتانیا، واژۆ کرا. لە پێشەکیی ئەم بەڵگەنامەیەدا جەخت کراوەتەوە کە هیچ لایەنێک لە بانگەشەی خاوەندارێتیی خۆیان پاشگەز نابنەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بانگەشەی لایەنی بەرامبەریش بە فەرمی ناناسن.

لەسەر ئەم بنەمایە، هێزە سەربازییەکانی ئێران دەتوانن بەپێی نەخشەی هاوپێچ، بەشێک لە دوورگەکە «داگیر» (لە دەقی ئینگلیزیی بەڵگەنامەکەدا وشەی Occupy بەکارهاتووە و ئێران قبووڵی کردووە) بکەن و حوکمڕانیی تێدا بسەپێنن. حوکمڕانیی لایەنەکان لە سنوورە دیاریکراوەکاندا هاوبەشە و هەر دەوڵەتێک دەتوانێت ئاڵای خۆی لە سنووری ژێر کۆنترۆڵی خۆیدا هەڵبکات. سەرەڕای ئەم پێشینە مێژووییە، هەرگیز داواکاریی خەڵکی ئەم دوورگەیە ڕەچاو نەکراوە.

ئەم نموونە واقیعییە ئەوە دەردەخات کە جێبەجێکردنی مافەکانی مرۆڤ بە مانا نێودەوڵەتییەکەی ڕووبەڕووی دژوارییەکی زۆر دەبێتەوە. مافەکانی مرۆڤ "مافی هەبوونە" (حق داشتن‌ها) نەک "مافی بوون" (حق بودن‌ها)؛ لە سیستەمی مافەکانی مرۆڤدا، پێویستە هەمووان مافی دەربڕینی ڕاوبۆچوونیان هەبێت و هیچ شتێک نابێت بە هەمیشەیی و نەگۆڕ دابنرێت.  

 

 لە کۆتاییدا، پەیام یان ڕاسپاردەی ئێوە بۆ ڕۆشنبیران و چالاکوانانی ئێرانی کە بە دروشمی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ چالاکی دەکەن چییە؟

  بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بابەتانەی کە خرانەڕوو، دەتوانرێت بوترێت لە دۆخی ئێستادا کەلێنی مەعریفیی قووڵ لەنێوان بنەما یاساییەکانی پەیوەندیدار بە گەل/نەتەوە، ئەسڵی سەروەریی خاک و مافی دیاریکردنی چارەنووس لە گوتاری سیاسیی ئێرانییەکاندا هەیە. تەنیا دوای گۆڕینی ئەم چوارچێوە مەعریفییەیە کە دەتوانرێت قسە لەسەر مافەکانی مرۆڤ و پێداویستییەکانی مافی مرۆڤ بکرێت. وەک جەختی لەسەر کرایەوە، ئەوەی لە گوتاری مافی مرۆڤی ئێرانیدا سەبارەت بە مافەکانی گەل/نەتەوەکانی دیکە دەیڵێن، لانیکەمی مافە کولتووری و ئایینییەکانە لەژێر ناوی «کەمینەکان». ئەم گوتارانە زۆرجار نکۆڵی لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی بەکۆمەڵی نەتەوەکان دەکەن - تەنانەت لە ڕەهەندی نێوخۆییشیدا - و بە پشت بەستن بە ئەسڵی سەروەریی خاک و هەندێک دۆکتۆرینی سیاسیی کۆنپەرستانە، سەروەریی خاک لە پێشەوەی هەر ئەسڵێکی دیکە دادەنێن.

ئەنجامی کردەیی و زانستیی ئەم ڕوانگەیە، کورتکردنەوەی مافەکانی مرۆڤە بۆ ڕەهەندی تاکەکەسی؛ ئەمەش پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی هەیە.